گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوەکەی ئێرانەوە بۆ 56 کەس بەرزبووەوە

سەرۆکی دەستەی بەهاناوەچوون و ڕزگارکردنی سەر بە مانگی سووری ئێرانی ڕایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی باران و لافاوەکەی ئەمدواییەوە کە ژمارەیەک لە پارێزگاکانی ئێرانی گرتەوە بۆ 56 کەس بەرزبووەتەوە، سەرەڕای بێسەروشوێنبوونی 18 کەسی دیکە.

مەهدی وەلی پوور بە ئاژانسی ئیرنای فەرمیی ئێرانی ڕاگەیاندووە، لە ڕۆژی 23ی مانگەوە لافاوەکە گەیشتووەتە 21 پارێزگای ئێران، ئەو پارێزگایانەشی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە تاران، لوڕستان، یەزد، ئەسفەهان و بەختیارین.

شەپۆلێکی بەخوڕی بارانبارین کە لە هەفتەی ڕابردووەوە ئێرانی گرتووەتەوە بووەهۆی دروستبوونی لافاو لە بەشێک لە پارێزگاکانی ئەو وڵاتە، بەهۆیەوە 56 کەس گیانیان لەدەستداوە و 18 کەسیش بێسەروشوێنبوون.

عەبدولڕەحیم موسەوی فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی ئێران، فەرمانی بە هێزە وشکانییەکان دا لە حاڵەتی ئامادەباشیدابن لەو ناوچانەی لافاو گرتوونیەتییەوە.

باران و لافاوەکەی هەفتەی ڕابردووی ئێران بە خراپترین کارەساتی باران و لافاو دادەنرێت لە چەند ساڵی ڕابردووی ئەو وڵاتەدا.

بەر لە دەستپێکردنی باران لەو وڵاتە، دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێران خەڵکیان لە ئەگەری بەهێزی باران و دروستبوونی لافاو ئاگادارکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک ڕەخنەی توند ئاراستەی دەسەڵات دەکەن بەوەی هۆشدارییەکانیان درەنگوەخت بوون.

بابەتی پێشتر

بزوتنەوەی ئیسلامی دۆسیەی مردنی عەلی عەبدولعەزیز هەڵدەداتەوە و ئەمریكا تۆمەتبار ‏دەكات

بابەتی دواتر

خۆپیشاندەران چوونە ناو ئەنجومەنی نوێنەران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share