ترەمپ لە ئەگەری كوژرانی هەر ئەمریكییەك لە عێراق هەڕەشەی وەڵامی توند دەكات

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لەسەر زاری بەرپرسانی ئەمریكاوە بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی تۆڵەی خێرا و توندی كردووە ئەگەر هەر ئەمریكییەك لە عێراق بكوژرێت.

ئاژانسی ڕۆیتەر لەسەر زاری بەرپرسێكی ئەمریكییەوە بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەمیانەی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ گەورە ڕاوێژكارانی كۆشكی سپی، هاوكات لەگەڵ هێرشەكانی ئەمدواییەی سەر ناوچەی سەوز لە بەغداد، بژاردەی هێرشكردنەسەر دامەزراوی نەتنز كە بە بنكەی ئەتۆمیی سەرەكی ئێران دادەنرێت خستووەتەڕوو.

بەڵام بەپێی واشنتن پۆست بەرپرسانی ئەمریكا ڕێنوێنی ترەمپ-یان كردووە كە لێدانی پێشوەختە ئاراستەی ئێران نەكات.

ڕوونیشیكردەوە، ترەمپ بە ڕاوێژكارەكانی وتووە كە ئامادەیە بۆ دەركردنی بڕیاری “وەڵامی وێرانكەر” ئەگەر هەر ئەمریكییەك لەهەر هێرشێكی پەیوەندیدار بە ئێران بكوژرێت.

ئەم هەڕەشەیەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان هاوكاتە لەگەڵ كوژرانی موحسین فەخریزادە، زانای ئەتۆمیی ئێران كە دوێنێ لە تاران كرایە ئامانج و دەسەڵاتدارێتی ئەو وڵاتە بەڵێنی “تۆڵەیەكی قورس”ی دا، ئەمەش ئەگەری زیادبوونی روبەڕوبوونەوەكانی نێوانیان دەهێنێتە ئاراوە.

ڕۆژنامەكە بڵاویشیكردوەتەوە، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لەژێر فشاری بەرپرسانی ئەمریكیدایە بۆ زیادكردنی هەڵمەتەكانی حكومەتەكەی دژ بە میلیشیا عێراقییەكانی پشتیوانكراوی ئێران كە پێشتر چەندین جار موشەكەكانیان مۆڵگە دیبلۆماسی و سەربازییەكانی ئەمریكای كردووەتە ئامانج.

لە تشرینی یەكەمی ڕابردوو ژمارەیەك لە گروپە چەكدارییەكانی عێراق هێرشە موشەكییەكانیان هەڵپەسارد بەمەرجی ئەوەی حكومەتی عێراق خشتەیەكی كاتی بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دابنێت، بەڵام بەر لە دوو هەفتە جارێكی دیكە هێرشەكانیان بۆ سەر ناوچەی سەوز و نزیك لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد دەستپێكردەوە.

بابەتی پێشتر

برایتۆن 1-1 لیڤەرپوڵ

بابەتی دواتر

باڵیۆزی بەریتانیا: کوشتنی خۆپیشاندەران لە عێراق ھیچ پاساوێکی ھەڵناگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share