وەزارەتی کاری عێراق: ژمارەی کرێکارانی بەنگلادیشی سنووری یاسایی تێپەڕاندووە

کرێکاری بیانی

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی تشرینی یەکەم، ژمارەی کرێکارانی بەنگلادیشی لە عێراق ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، “ژمارەی یاساییان تێپەڕاندووە”.

ئەحمەد علوانی، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ڕایگەیاند، “لەگەڵ باڵیۆزخانەی بەنگلادیش لە بەغداد هەماهەنگییمان کردووە بۆ بەدواداچوونی ئەو کرێکارە بەنگلادیشییانەی بە شێوەی یاسایی هاتوونەتە عێراق بۆ کارکردن، هەروەها نوسراوێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولا بەمەبەستی هاتنی ئەمدواییەی کرێکارانی بەنگلادیشی بۆ عێراق”.

بریکاری وەزارەتی کار دەشڵێت، 300 هەزار کرێکاری بەنگلادیشی بەشێوەیەکی نایاسایی لە عێراق کاردەکەن، وەزارەتی کاریش بەشێوەیەکی یاسایی تەنها مامەڵە لەگەڵ ئەو کرێکارانەدا دەکات کە بەشێوەی یاسایی و بە مۆڵەتی کارکردنی فەرمی هاتوونەتە عێراق.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کار باسیلەوەکرد، ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێکی بۆ وەستاندنی هاتنە ناوەوەی کرێکاری بەنگلادیشی دەرکرد و ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەی کرێکارانی بەنگلادیشی سنووری یاساییان تێپەڕاند.

علوانی ئاشکراشیکردووە، “کۆنترۆڵکردنی هاتنی کرێکارانی بیانی لە ڕێگای نایاسایی کە بۆ کار و مەبەستیی نایاساییش دەهێنرێن زۆر گرنگە، داواشمان لە باڵیۆزخانەی بەنگلادیش کردووە کە هاوڵاتییەکانی لە عێراق بانگهێشتبکات بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی مانەوە و ڕێگەپێدانەکانیان بۆئەوەی کارەکانیان بە یاسایی بۆ بکرێت وە ئەگەرنا بیانگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەیان”.

لەلایەکی دیکەشەوە جەبار باهز، بەڕێوبەری فەمانگەی کار و ڕاهێنانی پێشەیی لە وەزارەتی کار ڕایگەیاند، ژمارەی کرێکارانی بەنگلادیشی لە عێراق بەراورد بە ژمارەی گشتیی کرێکارانی وڵات ژمارەیەکی زۆرە، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ڕاسپاردووە “ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی کرێکارانی بەنگلادیشی بکەن بۆ عێراق تاوەکو ڕێگری لە زیاتر بوونی ژمارەیان و کێبڕکێیان لەگەڵ کرێکارانی ناوخۆیی بکەین”.

ئەمە لەکتێکدایە، پێشتر لە سەردانی وەزیری کاری عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری کاری هەرێمی کوردستان هەردوولا ڕایانگەیاند کە سەدان هەزار کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەن، ئەمانە هۆکارن بۆ دروستبوونی بێکاریی زیاتر بۆیە دەمانەوێت ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لە هاتنی کرێکاری بیانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان یەکبخەین.

بابەتی پێشتر

بانكی ناوەندی چی دەڵێت لەبارەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار؟

بابەتی دواتر

چارەنوسی موچەی یەك ساڵی 89 هەزار كەمئەندامی هەرێم نادیارە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share