یەكەمینی لەوجۆرەیە.. وڵاتێك هەنگاو بۆ بەتەواوی قەدەغەكردنی جگەرە دەنێت

یاسادانەرانی نیوزلەندا بەڵێنیاندا یاسایەكی بێپێشینە لە جیهاندا دەربكەن، كە بەهۆیەوە نەوەی داهاتوو بەشێوەیەكی یاسایی نەتوانێت جگەرە بكڕێت.

یاسا نوێیەكە هەوڵێكە بۆ ڕێگری لە جگەرەكێشان لەلایەن نەوەی داهاتووەوە، لەڕێی بەرزكردنەوەی پلەبەندی تەمەنی كڕینی جگەرە تا تازەپێگەیشتووان بەپێی یاسا نەتوانن جگەرە بكڕن.

سەرەڕای دیاریكردنی تەمەنی كڕین، بەپێی ڕێوشوێنەكان ڕێژەی نیكۆتین لە جگەرە بەشێوەیەكەی بەرچاو كەمدەكرێتەوە، كۆمپانیاكان ناچاردەكرێن تەنها لە كۆگا تایبەتەكاندا جگەرەكانیان بفرۆشن، لەجیاتی بەردەستبوونی ئێستای لە كۆگاكانی بەقاڵ و كۆشكی سەر شەقامەكان.

ڕێوشوێنە نوێیەكان كە لە پەرلەمان تاوتوێكراوە، یەكەمینی لەوجۆرەیە لە جیهاندا.

عائیشە فیراڵ وەزیری تەندروستیی نیوزلەندا ڕایگەیاند، بە درێژایی چەندین دەیە، ڕێگەمان بە كۆمپانیاكانی جگەرەدا پارێزگاری لە پشكی خۆیان لە بازاڕەكاندا بكەن كە بووەهۆی ئالودەبوونی زیاتر بە بەرهەمە كوشندەكانیان.

وتیشی، “كاری پێشینەمان لە پێشكەشكردنی ئەم یاسایە” پارێزگاریكردنە لەوانەی بەنرخن لامان، گەلەكەمان، خێزانەكانمان و كۆمەڵگاكەمان” وەك ئەوەی ڕۆژنامەی زە گاردیان-ی بەریتانی ئاماژەی پێداوە.

پڕۆژەیاساكە پاڵپشتی زۆرینەی پارتەكانی بەدەستهێناوە بۆ تێپەڕاندنی بۆ لیژنەی تایبەتمەند، تا لە قۆناغی داهاتوودا بخرێتە پڕۆسەی بەیاساكردنەوە، دوای ئەوەی ئەندامانی پەرلەمانی نیوزلەندا گوێ لە ڕاپۆرتی شارەزایانی بوارەكە دەگرن.

چاوەڕوان دەكرێت یاساكە لە ساڵی 2023دا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، تەنها بەرهەمەكانی توتن دەگرێتەوە، لەكاتێكدا كێشانی ئەلیكترۆنی بە یاسایی و بێ ئەو كۆتوبەندە دەبێت كە بەسەر جگەرەدا دەسەپێندرێت.

بابەتی پێشتر

‌حکومەت چەندین بڕیاری لەبارەی "سیمكارت"ـەوە دەركرد

بابەتی دواتر

كوشتن بە چەك سەرەكیترین هۆكاری مردنی منداڵانی ئەمریكییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share