حكومەتی عێراق دەیەوێت نزیكەی 240 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت بدات بەرامبەر بەدەستهێنانی 14 فڕۆكەی ڕافال-ی فەرەنسی، بەڵام هەندێك وڵات و لایەن ڕێگرن.
ئاشكراكردنی ئەو پلان و گرێبەستە لە شوباتی ڕابردوودا بوو، بەڵام گۆڤاری (فۆربس)ی ئەمریكی بەمدواییە وتارێكی نوێی لەبارەی ئامانج و پێویستیی عێراق بۆ بەدەستهێنانی ئەو فڕۆكە شەڕەكەرانە بڵاوكردەوە.
ڕاپۆرتەكانی ئەوكات ئاشكرایاننەكرد كە ئایا عێراق دەیەوێت نوێترین نەوەی Rafale F4 بەدەستبهێنێت، یان ڕێككەوتنەكە پەیوەندیدارە بە Rafale F3. هەروەك ڕوون نییە كە ئایا ئەم فڕۆكانە نوێن یان بەكارهێنراو، یان لە هەردوو جۆرەكە، وەك ئەو گرێبەستەی لەگەڵ یۆنان-دا كرا.
ڕۆژنامەكە پرسیاری لەبارەی هۆكاری پێویستیی عێراق بەم جۆرە فڕۆكانە دەكات سەرەڕای خاوەندارێتیكردنی 34 فڕۆكەی فالكۆن F-16C، F-16D و بلوك 52.
دەربارەی وەڵامەكەشی ڕۆژنامەكە گەڕاندویەتیەوە بۆ پێویستیی هێزی ئاسمانیی عێراق بۆ كردنە ئامانجی پاشماوەكانی داعش لە سەرجەم ناوچەكانی وڵات، بەهۆی ئەوەی پێویستی بە فڕۆكەی تۆربینیی دیكە هەیە بۆ پەرەپێدانی توانا سنووردارەكانی لە بواری هەواڵگری، چاودێری و گەڕان.
فۆربس ئاماژەی بەوەداوە كە فەرەنسا ئامادەیە بۆ فڕۆشتی فڕۆكەكان، پێشتر لە حەفتا و هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو ژمارەیەك فڕۆكەی (داسۆ ئێف 1)ی بە بەغداد داوە. ساڵی 2011ش پاش لەناوبردنی سەرجەم ئەو فڕۆكانە و ڕووخانی ڕژێمەكەی سەدام حسێن، فەرەنسا 18 فڕۆكەی جۆری میراج F1ی نوێكراوەی بەرامبەر یەك ملیار دۆلار بۆ عێراق خستەڕوو.
بەڵام هەندێك وڵات دڵخۆشن نابن بە گەیشتنی فڕۆكەی ڕافال بە عێراق، كە بە مووشەكی ئاسمان بە ئاسمانی دوورمەودا لە جۆری میتیۆر ئامادەكراوە. هەر ئەمەش ڕەنگە هۆكاری پاڵنەری عێراق بێت بۆ بەكارهێنانی ڕافال لەجیاتی فڕۆكەی F-16، بەهۆی ئەوەی ئەمیان هەڵگری مووچەی ئاسمان بە ئاسمانی كورت مەودایە.
ڕۆژنامەكە وایدەبینێت كە ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئیسرائیل ناڕازین لەسەر بەدەستهێنانی فڕۆكەی ڕافالی پڕچەككراو بە مووشەكی میتیۆر-ی دوورمەودا لەلایەن عێراقەوە.
لە هاوینی 2019 ئیسرائیل لە زنجیرەیەك هێرشدا چەند ئامانجێكی گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران-ی لە عێراق كردە ئامانج، جگە لەوەی، فڕۆكە ئیسرائیلییەكان ئاسمانی عێراق بەكاردەهێنن بۆ لێدان لەو میلیشیایانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن لەسەر سنوورەكانی ڕۆژهەڵاتی سوریا.
بۆیە ئەگەری هەیە فڕۆكەی ڕافالی عێراقی ڕێگری لەم جۆرە هێرشانە بكات، بەتایبەت ئەگەر حكومەتێكی هاوسۆز بۆ ئێران بگاتە دەسەڵات لە بەغداد.
لەلایەكی دیكەوە توركیاش ناڕەزایی لەسەر ئەو گرێبەستە نیشاندەدات، بەهۆی ئەوەی فڕۆكە فەرەنسییەكە هاریكاریی عێراق دەكات بۆ ڕێگری لە فڕۆكەی F-16 یان فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركی كە بە بەردەوامی بنكەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە هەرێمی كوردستان دەكاتە ئامانج.
ڕۆژنامەكە ئاماژەی بە ڕووداوێكی هاوشێوە كردووە، كاتێك واشنتن و تەلئەبیب فشاریانكردەسەر پاریس بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی ئەو مووشەكە ئاسمان بەئاسمانانەی بە قاهیرەی دەفرۆشێت لەو گرێبەستی فرۆشتنەی فڕۆكەی ڕافال كە لەساڵی 2010دا ئەنجامدرا. هەردوولا سووربوون لەسەر ئەوەی تەنها مووشەكی مەودا كورت و مامناوەند بە قاهیرە بدرێت.