مونا یاقو: پێنج مانگە داوای بینینی سەرۆكی حكومەت دەكەم بەڵام تا ئێستا وەڵامم نەدراوەتەوە

سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان دەڵێت، زیاتر لە پێنج مانگە داوای بینینی سەرۆكی حكومەتی كردووە بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ و پێشێلکارییەكان، بەڵام تا ئێستا وەڵامی نەدراوەتەوە.

د. مونا یاقو، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان، ڕوونكردنەوەیەكی بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی لە پەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بە ناونیشانی نامەى ژمارە (2) بڵاوكردووەتەوە و باس لەوە دەكات كە پۆستە هەستیارەکانی دەستەكە دراون بە کەسانى حزبى.

سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ نووسیویەتی،” زیاتر لە پێنج مانگ لەمەوبەر، داواى چاوپێکەوتنى سەرۆك وەزیرانى هەرێمم کرد، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ و پێشێلکاری و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیان و ئەو کێشانەی کە ڕێگرن لە پێش کاری دەستەکەمان، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا وەڵامی ئەو داواکارییە نەدراوەتەوە”.

ڕایگەیاندووە، “دامەزراوەیەك کە گوایە سەربەخۆیە، ناتوانێت سەرکەوتووبێت لە کارەکانیدا، پۆستە هەستیارەکان تیایدا درابن بە کەسانێكى حزبیی خاوەن باکگراوندێکی سیاسیی دیاریکراو، کارى سەرەکییان دروستكردنى قەیران و دووبەرەکایەتی بێت، ئەو جۆرە ڕاسپاردنە بەڵگەیە لەسەر خواستی دەسەڵات بۆ ئیفلیجکردنی کاری ئەم دەزگایانە و بە دیکۆرکردنیان و بە پابەندکردنیان بە فەرمانی کەسانی دیاریکراوەوە”.

سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ جەختدەكاتەوە كە “کارکردن لە بواری مافی مرۆڤدا کارێکی ئەخلاقییە کە پەیوەستە بە ویژدانی تاکەوە، بۆیە دەبێت گرنگی بە بەرژەوەندیی هەر کەسێك بدەین کە مافی پێشێلکرابێت، بێگوێدان بە مەیلی سیاسی و ئایین و نەتەوەیى، کە بە داخەوە ئەوەش بوونی نییە، چونکە کارەکە بووەتە کارێکى مەزاجى و هەڵبژاردەیى و مامەڵە لەگەڵ هەر گرفتێکدا بەپێى پۆلێنکردنى سیاسیی دیاریکراوەوە دەکرێت”.

د. مونا یاقو لە كۆتایی ڕوونكردنەوەكەیدا ئاشكرایكردووە، دیپلۆماتكارێكی پلەبەرز پێیوتووە، “کاتم نییە چاوم بە هەموو لێپرسراوانى هەرێم بکەوێت، بەڵام چاوم بە ئێوە کەوت، چونکە چاوپێکەوتنى سەرۆکى مافى مرۆڤ بەسە بۆ ئەوەى بۆچوونێکم بداتێ لە بارەى هەموو کاروبارەکانى هەرێمەوە”.

بابەتی پێشتر

بۆچی عێراق دەیەوێت فڕۆكەی ڕافالی فەرەنسی بەدەستبهێنێت و كێ ڕێگرە؟

بابەتی دواتر

‌حکومەت چەندین بڕیاری لەبارەی "سیمكارت"ـەوە دەركرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share