جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، عێراق لەوە زیاتر بەرگەی ململانێی ناپێویست ناگرێت و دەشڵێت، دەبێت ڕێككەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز پێشینەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو بێت.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ مارك برایسن ڕیچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كۆبووەوە و ڕایگەیاند، عێراق لەوە زیاتر بەرگەی ململانێی ناپێویست لەسەر پۆست و ئیمتیاز ناگرێت و پێویستە لایەنەکان لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتدا گفتوگۆکانیان لەسەر پرسە سیاسییە چارەنووسسازەکان و چۆنییەتی پێکهێنانی حکومەتێکی کارای خزمەتگوزار و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد چڕبکەنەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە دەیڤید هەنت کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی جەختیشیكردەوە، لەم قۆناغەدا ڕێککەوتن لەسەر پرسی نەوت و گاز و پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز دەبێت لە پێشینەی دانووستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق بێت، چونکە ڕێککەوتن لەسەر ئەم پرسە زەمینەی لەبار دروستدەکات بۆ ڕێککەوتن لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانی دیكە.
لە بەشێکی دیكەدا جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەیدا بە کێشەکانی ژینگە و مەترسییەکانی سەر سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند، پێویستە پرسی ژینگەش لە ئەولەوییەتەکانی حکومەتی داهاتووی عێراق بێت.
لای خۆیەوە باڵیۆزی بەریتانیا ستایشی هەنگاوە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە لە یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان بۆ خێراترکردن و بەرەوپێشبردنی زیاتری پرۆسەی ڕیفۆرم لە دامەزراوەکانی حکومەتدا. داواشیکرد لە داهاتوویەکی نزیکدا حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ باڵیۆز و نێردە دیپلۆماسییەکان ڕێکبخات بۆ باسکردن و تاوتوێکردنی پرۆسەی ڕیفۆرم لە هەرێمی کوردستان.
قوباد تاڵەبانی سوپاسی کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیای کرد کە بەر لە ماوەیەک سەردانی دەڤەری ڕاپەڕینی کردوە و داوایکرد سەردانی شار و شارۆچکەکانی دیکەش بکات بۆ ئەوەی پێکەوە پلانی هاوبەش دابنێن بۆ وەبەرهێنان لەو دەڤەرانە و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ دانیشتوانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کورستان.