بەو بڕیارەی لە ساڵی ڕابردوو پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە درێژكردنەوەی تەمەنی دەریكرد، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بووەتە پرسێكی لەبیركراو، ئەنجومەنەكان و پەرلەمانیش هیچ هەنگاوێكی نوێیان نەناوە و چاودێرێكیش دەڵێت، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەرێم نەهێڵدرێت.
دوو ساڵ و حەوت مانگی تەواوە ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم وادەی یاسایی هەڵبژاردنیان كۆتایی هاتووە.
بۆ چارەسەری ئەو دۆخە پەرلەمانی كوردستان لە تەمموزی ساڵی 2019 یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەمواركردەوە و تەمەنی ئەم خولەی ئێستای تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنەكان درێژكردەوە.
بەپێی هەموارەكە كۆتایی ئەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە نادیاری ماوەتەوە، بەهۆی بێدەنگی حكومەتی هەرێمیش وادەی هەڵبژاردنی خولی نوێش هەر نادیارە.
ئەنوەر تاهیر، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “وەك لیژنەی یاسایی كاتی خۆی لائیحە و یاداشتمان نوسیووە و تیایدا ناڕەزایی خۆمان دەربارەی درێژكردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەربڕی و پێمانوایە ئەو پرسە پێچەوانەی یاسایە”.
وتیشی، “لەوكاتەوە تائێستا سێ جار داوامان لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كردووە و تەمەننا دەكەین بەزوترین كات وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریبكرێت، كە لە ئێستادا باشترین وادە ئەوەیە لانیكەم لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا ئەنجامبدرێت، بەڵام هیچ ڕووئیایەكی تازە نییە و ڕوون نییە هەرێم و سەرۆكایەتی حكومەت كەی وادەیەك دادەنێن”.
ئەنوەر تاهیر ئەوەشی خستەڕوو، “حیكمەت لە هەڵبژاردن دەستاودەستی دەسەڵاتە و بۆ چوار ساڵی زەمەنییە و هاوڵاتییان بۆ چوار ساڵ دەنگ دەدەن بە نوێنەرەكانیان، ئێستا كاتی زیادەیە و دەتوانین بڵێین ڕاستە مومارەسەی دەسەڵاتەكان دەكەین، بەڵام هێزی یاسایی لاوازە”.
دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە 30ی نیسانی 2014 ئەنجامدرا و بەمەش لە كۆتایی نیسانی 2018 ماوەی یاسایی خولەكە كۆتایی هات.
بەڵام پەرلەمان دوای ئەوەی وادەكەی درێژكردەوە، وەك بەرزترین دەسەڵاتی هەرێم هیچ هەنگاوێكی نوێی نەناوە، وەك ئەوەی پەرلەمانتارێك ئاماژەی پێدا.
باڵانبۆ محەمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكانی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئێمە هەرێمێكین سەر بە دەسەڵاتێكی فیدڕاڵ دەبێت بزانین لە عێراق هەڵبژاردن دەكرێتەوە یان ناكرێتەوە، یان بەوشێوەیەی ئێستا دەمێنێت یان گۆڕانكاری بەسەر دێت، ئەوكات پێموایە قورس نابێت لە هەرێم بڕیاری لەبارەوە بدرێت”.
“حكومەتی هەرێم لەكاتێكدا پارەی نییە موچەی خەڵك بدات، سەیرە بەلامەوە ئەگەر بڵێ ئەتوانم پارە بۆ هەڵبژاردن دابینبكەم”.
سەبارەت بە هۆكاری پشتگوێخستنی ئەو پرسەش لەلایەن پەرلەمانەوە وتی، “جگە لە چاوەڕوانكردنی دۆخی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق، پێموایە مەسەلەی ئەم قەیرانانەش كە ئێستا لە ئارادایە ڕۆڵ و كاریگەری هەیە، چونكە هەڵبژاردن دەبێت بودجەی بۆ تەرخان بكرێت”.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی دوپاتكردەوە، “حكومەتی هەرێم لەكاتێكدا پارەی نییە موچەی خەڵك بدات، سەیرە بەلامەوە ئەگەر بڵێ ئەتوانم پارە بۆ هەڵبژاردن دابینبكەم، ئایا هەڵبژاردن گرنگترە یان موچەی خەڵك”.
ئەگەرچی هەمیشە قەیرانەكان بەتایبەت قەیرانی دارایی بە هۆكاری دواخستنی هەڵبژاردنەكان دادەنرێت، بەڵام بەڕێوبەری ڕێكخراوێكی تایبەت بە بوارەكە دەڵێت، قەیران دەكرێتە پاساو، چونكە ئەوكاتەش كە دۆخی دارایی زۆر زۆر باشبوو هەڵبژاردنەكان دوادەخرا.
ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن بە ئێستا-ی وت، “دواخستنی هەڵبژاردنەكان نەریتێكە لە هەرێمی كوردستاندا، تێگەیشتنی حكومڕانانە بۆ لامەركەزییەت، دەسەڵات ئیش ناكات لەسەر قوڵكردنەوەی لامەركەزییەت”.
بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009 كە تایبەتە بە لامەركەزییەت و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحییەكان، بەڵام تەنها هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجامدراوە و هەڵبژاردنی قەزا و ناحییەكان پشتگوێخراوە، ئارام جەمال ئەمە وەك بەڵگەیەكی ئەو تێڕوانینەی دەسەڵاتداران ناودەبات و وتی، “ئەو هەڵبژاردنەش لە 2005ەوە تائێستا دوو جار كراوە، هەربۆیە بە بەردەوامی دواكەوتووە و ئەمجارەش هەتا كاتێكی نەزانراو دواكەوتووە و نازانرێت چ كاتێك دەكرێت و چ كاتێك پێویستە بەلای بڕیاربەدەستانی هەرێمەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو، “ئەنجومەنەكان شەرعیەتی دیموكراسییان نەماوە و ئەو شەرعییەتەی لە هاوڵاتییەوە وەریانگرتوە لەدەستیانداوە، درێژكردنەوەی وادەكەشی پێچەوانەی پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردە لە جیهاندا”.
دەربارەی بیانوی قەیرانەكان كە زۆرجار بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بەكاردەهێنرێت بەڕێوبەری پەیمانگای كوری وتی، “خۆ ئەوكاتەش كە دۆخی دارایی زۆر زۆر باشبوو هەڵبژاردنەكان دواخراوە، قەیران دەكرێتە پاساو بۆ ئەوەی دوابخرێت، ئەگەرنا من پێموایە ئیمكانی هەیە ئەگەر قەناعەتیان پێی هەبێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكرێت”.
ڕوونیشیكردەوە، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی لە بنەڕەتدا ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەرێم هەر نەمێنێت و ئەم دواخستە هەنگاوێگە بۆ ئەوە، بەڵام بەشێوەیەكی پلەبەند و لەسەرخۆ، هەوڵێكی شاراوەیە و ناوبەناو دەردەكەوێت و بێدەنگ دەبێتەوە، ئێستا ئەو فۆڕمەی وەرگرتووە كە هەڵبژاردنەكانیان دواخستووە بۆ كاتێكێكی نادیار.