مووشەکێکی چینی، دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا هەڵدرا، لەناو بەرگەهەوای زەویدا لە کۆنترۆڵی وێستگەکەی دەرچووە و بووەتە مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ و نازانرێت لە كوێ دەکەوێتەخوارەوە، بۆیە بووەتە هەڕەشە بۆ سەر زەوی.
ئەوە یەکەمجار نییە مووشەکەکانی چین لەکۆنترۆڵ دەربچن، لە ساڵی ڕابردوودا مووشەکێکی دیکە لە کۆنترۆڵ دەرچوو، بەڵام خۆشبەختانە لەناو زەریای هێمندا کەوتەخوارەوە.
ئەو مووشەکە چینییە ناوی “لۆنگ مارش 5 بی”یە، درێژییەکەی 30 مەترە و کێشەکەی 21 تۆنە، لە ڕۆژی یەکشەممەدا هەڵدرا.
تا ئێستا شوێن و کاتی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە دیارینەکراوە و نازانرێت، ئەوەش نیگەرانیی لە جیهاندا دروستکردووە.
جۆناسان ماکدوێڵ لە سەنتەری هارڤارد بۆ زانستەکانی فیزیا و گەردوونناسی دەڵێت، “بەداخەوە ناتوانین بزانین کەی و لەکوێ دەکەوێتەخوارەوە.. بەڵام ئەوەی مەترسییەکان لەسەر دانیشتووانی زەوی کەمترە لە دڵنیاییەکان لەوبارەیەوە”.
باسی لەوەشکردووە، لەگەڵ ئەوەی مەترسییەکان کەمن بەڵام نابێت ڕێکار و خۆپارێزییەکان لەو ڕووداوە پشتگوێبخەرێن.
لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردووشدا مووشەکێکی چینی کە بەخێراییەکی یەکجار زۆر دەڕۆیشت لە کۆنترۆڵ دەرچوو و بەهۆی زۆریی خێراییەکەیەوە نەتوانرا شوێنی کەوتنەخوارەوەکەی دیاریبکرێت.