بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی سێ تۆمەتباری ڕاگەیاند كە بۆريی ڕاكێشانی ئاوی سەرەكیی تاسڵوجە – سلێمانی-یان دزیبوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی تێیدا هاتووە، مەفرەزەكانی نووسینگەی ڕاپەڕینی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سێ تۆمەتباریان دەستگیركرد كە بۆريی ڕاكێشانی ئاوی سەرەكیی تاسڵوجە – سلێمانی-یان دزیبوو.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای ئەوەی لە نووسینگەی ڕاپەڕینی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سكاڵای یاسایی تۆماركرا كە ژمارەیەكی زۆر بۆريی ڕاكێشانی ئاوی سەرەكیی تاسڵوجە – سلێمانی دزراون، دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكرد،
ئاماژە بەوەشكراوە، دوای لێكۆڵینەوەكان دەركەوت تۆمەتبارەكان بۆرییەكانیان بردۆتە شاری هەولێر كە نرخەكەی 80 هەزار دۆلارە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، لەماوەیەكی كەمدا توانرا سێ تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی ڕاپەڕینی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە دەستگیربكرێن، هەروەها بە هاوكاريی پۆلیسی هەولێر توانرا دەستبگیرێت بەسەر بۆرییەكاندا و بگەڕێنردێنەوە بۆ شاری سلێمانی.