دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەوانەی دەیانەوێت بە تاشینی سمێڵی پێشمەرگەیەك سووكایەتی بكەن تێناگەن لەوەی لە زەلیلی و داماوییانە بەرامبەر پێشمەرگە
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تێیدا هاتووە، ئەوانەی بە تاشینی سمێڵی پێشمەرگەیەك دەیانەوێت سووكایەتی بە كورد و كوردستان بكەن تێناگەن لەوەی ئەوە لە زەلیلی و داماوییانەوەیە بەرامبەر پێشمەرگە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، “پیاوەتی و جوامێریی پێشمەرگە لە شەڕی داعش و جەنگی دژی دیكتاتۆریەتدا تاقیكراوەتەوە”.
ئاماژەبەوەشكراوە، ئێوە بەم كارەتان جگە لە بێڕێزیی بەرامبەر كۆی بەها مرۆڤایەتی و ئاینییەكانی پێكھاتەیەكی گرنگی كوردستان و عێڕاق و ماناكانی ژیانی پێكەوەیی و بێبایەخ كردنی هەر هەوڵێك بۆ بەدیهاتنی سەقامگیری و بەرەنگاريی مەترسییەكانی داعش و تیرۆر لەو ناوچانە و شكاندنی شكۆی خۆتان هیچی ترتان نەكردووە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، دەستەی گشتیی ناوچەكوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئامادەیی خۆی پیشاندەدات بۆ تەواوی هاوكاری و پشتیوانی لەو برا پێشمەرگەیە لەڕووی یاساییەوە، داواشدەكات لایەنی دەسەڵاتدار لە حكومەتی عێراق سزای تاوانباران بدەن و قەرەبووی دەروونی و ماددیی بكەنەوە، تا كەسانی دیكە و لە كاتی تردا بوێری ئەم جۆرە كارانەی نەبێت بەرامبەر پێشمەرگە وەك هێزێكی دەستووری لە عێڕاقدا.