وەزارەتی دارایی: پاڵپشتیی دارایی بۆ سندوقی شێرپەنجە دابیندەکەین

وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، دامەزراندنی سندوقی شێرپەنجە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجیەکان و لە رێگەی یاسایەکی بەرکارەوە، بڕیاریانداوە پاڵپشتی دارایی بۆ دابینبکەن.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابوری بە ئامادەبوونی علی عوسمان بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، سەرپەرشتی كۆبونەوەیەکی کرد بە ئامادەبونی یاسین عبدالواحید بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی دارایی، ساماڵ عبدالرحمان بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ، هەریەکە لە نوێنەری دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و سەرۆکی سندوقی شێرپەنجە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبونەوەکەدا پرسی دابینکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ سندوقی شێرپەنجە تاوتوێکرا کە خۆی دەبینێتەوە لە بەشێک لەو باج و رسوماتانەی لەلایەن بەشێک لە وەزارەتەکانەوە وەردەگیرێت بە میکانیزمێکی تایبەت رێژەیەکی بۆ سندوقەکە دابیندەکرێت.

وەزیری دارایی لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، ” دامەزراندنی سندوقی شێرپەنجە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی تەندروستی کە دەبێت لە پێناو خزمەتکردنی هاونیشتمانیانی تووشبوو بە نەخۆشیەکە پاڵپشتیی دارایی بۆ دابینبکەین”.

بابەتی پێشتر

ناسا تاقیكردنەوە بۆ فڕۆكەیەكی خێراتر لە دەنگ دەكات

بابەتی دواتر

داواكاری گشتی رێكاری یاسایی بەرامبەر یانەیەكی شەوانە لە هەولێر دەگرێتەبەر

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share