دوای چەندین جار شكانی، بۆریی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر دەگۆڕدرێت.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بە بودجەی زیاتر لە 20 ملیار دینار بۆریی ئاوی ئیفراز سێ دەگۆڕن.
لە ڕوونکردنەوەیەکدا پارێزگارى هەولێر دەڵێت، بۆریى ئاوى ئیفراز سێ کە ماوە ماوە دەشکێت و دەبێتە هۆى ئەوەى 40%ی گەڕەکەکانى شارى هەولێر بێئاو ببن، لە ساڵى 2004ـەوە لە زێى گەورەوە بۆ ناوشارى هەولێر ئاو دەگوازێتەوە.
بەپێی ڕوونكردنەوەكەی پارێزگاری هەولێر، هۆکارى سەرەکیى شکانى یەک لە دواى یەکى بۆریی ئاوی ئیفراز سێ، بەسەرچوونى ماوەکەیەتى و ئاشكرایكرد، داواکارییان پێشكەش بە سەرۆکایەتیى ئەنجومەنى وەزیران كردووە بۆ گۆڕینی ئەو بۆرییە کە درێژییەکەى (11) کیلۆمەترە.
ئومێد خۆشناو لە ڕوونكردنەوەكەیدا ڕایگەیاند، بودجەى پێویست بۆ گۆڕینی بۆریی ئاوی ئیفراز سێ تەرخانكراوە كە زیاترە لە (20) ملیار دینارى عێراقی و بەم نزیکانە دەستدەکرێت بە گۆڕینى بۆرییەکە.