نێچیرڤان بارزانی: توركيا و په‌كه‌كه‌ چيتر نه‌بنه‌ هۆكارى كوشتن و وێرانكارى

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هێرشەكەی توركیا بە تاوان ناودەبات و داوادەكات توركيا و په‌كه‌كه‌ چيتر نه‌بنه‌ هۆكارى كوشتن و وێرانكارى و له‌ خاكى عێراقه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسايشى وڵاتانى دراوسێ نه‌كرێت.

لە كاردانەوەی هێرشەكەی ئەمڕۆی توركیا بۆ سەر زاخۆ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “زۆر به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى تاوانى بۆمببارانكردنى ئه‌مڕۆى سنوورى زاخۆ ده‌كه‌ين كه‌ بووه‌هۆى گيانله‌ده‌ستدانى ژماره‌يه‌ك هاوڵاتى و گه‌شتيارى سڤيلى ناوچه‌ جياكانى عێراق و برينداربوونى ژماره‌يه‌كى ديكه‌يان”.

سەرۆکی هەرێم جەختدەكاتەوە كە “دووباره‌بوونه‌وه‌ى بۆمبباران و به‌رده‌واميى شه‌ڕ و پێكدادانى سوپاى توركيا و چه‌كدارانى په‌كه‌كه له‌ سنووره‌كان‌، به‌ ته‌واوى ڕه‌تكراوه‌ و قبووڵنه‌كراوه‌ و ئاسايش و سه‌قامگيريى هه‌رێمى كوردستان و سنوورى نێوده‌وڵه‌تيى عيراقى شێواندووه‌”.

نێچیرڤان بارزانی داوادەكات سوپاى توركيا و چه‌كدارانى په‌كه‌كه‌ شه‌ڕ و پێكدادان ڕابگرن و چيتر نه‌بنه‌ هۆكارى كوشتن و وێرانكارى له‌ ناوچه‌ سنوورييه‌كان و “شه‌ڕ و به‌ڵاى خۆيان له‌ يه‌خه‌ى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان بكه‌نه‌وه‌” و دەڵێت، “حكومه‌تى فيدراڵيى عێراقيش ده‌بێت هه‌موو ڕێكارێكى پێويست بگرێته‌به‌ر بۆ ڕێگريكردن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ى ئه‌و تاوانانه‌ و له‌ خاكى عێراقه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسايشى وڵاتانى دراوسێ نه‌كرێت”.

بابەتی پێشتر

سانچێز بۆ پاریس: 48 کاتژمێر مۆڵەتتان پێدەدەم

بابەتی دواتر

خۆپیشاندان دژی توركیا فراوانتر دەبێت و بەغداد و بەسڕە و كەربەلای گرتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share