دیندار زێباری لەبارەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە: نزیکەی 30 کۆمپانیا دراونەتە دادگا

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ وەڵامی بەشێک لە راپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای دایەوە کە لە بەشێکیدا باس لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەکات، جەختیکردەوە، یاسای تایبەت بەو تاوانەیان هەیە و لێکۆڵینەوەیان لە 340 کۆمپانیا کردووە.

دیندار زێباری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، یاسای هەیە و لە ساڵی 2018وە بەرکارە، هەروەها نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تاوان هەیە کە کاری ڕێگریکردنە لە سپیکردنەوەی پارە، بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر کە بەسیکی سەرەکیین لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانە کە دوایین ئاماری ساڵی 2021 بڵاوکراوەتەوە و دیندار زێباری خستییەڕوو، بەهۆی تێوەگلان لە تاوانەکانی پەیوەست بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ 340 کۆمپانیا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە، 29 کۆمپانیاش بەو تۆمەتە ڕەوانەی دادگا کراون.

هەروەها 28 کەسی بیانیش کە بە هۆی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە هێنرابوونە هەرێمی کوردستان ڕەوانەی وڵاتەکانی خۆیان کراونەتەوە، هەروەها 642 پارێزەر کە نوێنەرایەتیی ئەو دۆسیە تاوانکارییانەیان دەکرد لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی گیراوەکان، دیندار زێباری ڕێکخەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ژمارەیەک لە ئەفسەر و کارمەندانی جێبەجێکردنی یاسا لەسەر ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ گیراوەکان سزادراون و دراونەتە دادگا.

سەبارەت بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و بەتایبەت دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس “ئەیوب عەلی وەرتی” کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستگیرکرا، دیندار زێباری ڕایگەیاند، دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان بەپێی یاسا بووە و ئەوە ڕۆژنامەنووسە دوو جار ئاگادارکردنەوەی هەبووە، نەهاتووە بەدەم داواکەیەوە، بۆیە دەستگیرکراوە، ئەوەش بەپێی یاسا بۆ هەموو کەسێک وایە هەر کەسێک دوو جار ئاگاداربکرێتەوە و نەچێت بەدەم داواکەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەچێت.

بابەتی پێشتر

وەزیرێكی حكومەتی هەرێم دڵنیایی دەدات

بابەتی دواتر

پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنەكەیان دەستپێكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share