تۆمارێكی دەنگیی نوێی مالكی بڵاوكرایەوە.. باسی سوپای پاسداران و ئیتڵاعات و شەڕ دەكات

پێنجەم تۆمارى دەنگیى مالكى بڵاوكرایەوە، جگە لە قەیس خەزعەلی، هێرشدەكاتەسەر سەركردەكانی تری حەشدی شەعبی و دەڵێت، “گوێ بە دۆخەكە نادەن و سەرقاڵى باخن”، هەروەها داواكارییەكی ئێران لە لایەنە شیعییەكان ئاشكرادەكات.

لە پێنجەم تۆمارى دەنگیدا، نوری مالكى سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا باس لەوە دەكات كە پەیوەندیی لەگەڵ قەیس خەزعەلی ئەمیندارى گشتیى عەسائیبی ئەهلل حەق و ئەبو ئالا وەلائی ئەمیندارى گشتیى کەتائیبی سەیدولشوهەدا باشە، بەڵام “برادەرانى بەدر و فەتح بێکارن و گوێ نادەنە ڕەوشەکە و سەرقاڵى باخەكانیانن”.

لە درێژەی قسەكانیدا مالكی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە فەتح، حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلل حەق و كەتائیبی سەیدولشوهەدا بڕیاریان بە دەست ئێرانە و دەڵێت، “سوپاى پاسداران ڕێگە بە ئیتڵاعات نادات دەست لە هیچ شتێك وەربدات و تەنها خۆی بڕیاردەدات. لە سەردانەكەمدا بۆ ئێران گفتوگۆم لەگەڵ عەلی ئەكبەر ویلایەتی ڕاوێژكاری ڕابەری باڵا و سەرۆكی ئەنجومەنی شورا و وەزیری ئیتڵاعات-دا كرد، هەمووان لەگەڵمدا هاوڕان، بەڵام لە كۆتایی هەموو گفتوگۆكاندا دەڵێن پرسەکە بە دەست فەرماندەی فەیلەقى قودسی سەر بە سوپاى پاسدارانە و داوادەكەن هەوڵەکانمان لەگەڵ سوپاى پاسداران چڕبكەینەوە”.

بەپێی وتەی مالكی، ئێستا دوو بەرە لە ئێراندا هەن، سوپای پاسداران و ئیتڵاعات و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە لە سەردەمی سەرۆكایەتیی حەسەن ڕوحانی-یەوە، ئیتڵاعات كێشەی لەگەڵ حكومەتی عێراق و سوپای پاسداراندا هەیە، بەڵام دوای دەستبەكاربوونی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆچوونەكان لە یەكتر نزیكبوونەتەوە.

كەسێك لە تۆمارە دەنگییەكەدا قسەدەكات و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بۆیە هانایان بۆ مالكی هێناوە، چونكە ئەو كەسی گونجاوە بۆ بەهاناوەچوونی شیعە و بەرگریكردن لێیان و جەختدەكاتەوە كە قۆناغەكە پێویستی بە شەڕ و ڕشتنی خوێنە بۆ ئەوەی ڕاستببێتەوە.

بابەتی پێشتر

کەشناسی: ئەمڕۆ و سبەینێ خۆڵبارین دەبێت و پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە

بابەتی دواتر

خواردنەوەیەك لە چەند خولەكێكدا شەكری خوێن دادەبەزێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share