لانیكەم هەشت هاوڵاتیی خەڵكی بانە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیركران، وەك ئەوەی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردووەتەوە.
ڕێكخراوەكە ڕایگەیاند، سەر لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە ئەو هەشت هاوڵاتییە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانەوە دەستبەسەركراون و بۆ شوێنێكی نادیار گوازراونەتەوە.
دەستگیركراوان (جەعفەر زەریفی، زانا مێهری، ئەحمەد حوسێن پوور، محەممەد مەحموودزادە، ئارام ساڵحپوور، ڕەحمان ساڵحپوور، هادی مەحمودی و مەهدی نەورۆزی) تەمەنیان لەنێوان 29 بۆ 35 ساڵاندایە و خەڵكی گوندەكانی ساوان و سێوچ-ن و دانیشووی بانە-ن، وەك ئەوەی ڕێكخراوی هەنگاو ڕوونیكردووەتەوە.
ئاشكراشیكردووە، محەمەد مەحمودزادە و ڕەحمان ساڵحپوور لە ماڵی خۆیان و شەش کەسی دیکەش لە شوێنی کارەکانیان دەستبەسەرکراون.