نێچیرڤان بارزانی: دەبێت بە یاسای ڕۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ پیشێلكاریی ڕۆژنامەوانیدا بکرێت

لە یادی 123 ساڵەی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، “پشتیوانیی تەواومان بۆ ڕۆژنامەنووسان و باوەڕی نەگۆڕمان بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین، دووپاتدەكەینەوە”.

 لە ڕاگەیەندراوێكدا، بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردییەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە، “ڕەخساندنی ژینگەی ئارام و لەبار و هاندەر بۆ ڕۆژنامەنووسان و گەیشتنیان بە سەرچاوەكانی زانیاری و گواستنەوەی دوور لە هەر جۆرە بەربەستێک، زامنە بۆ ئەوەی كایەی ڕۆژنامەگەری بتوانێت ئەركی خۆی لە هۆشیاركردنەوەی ڕایگشتی و ڕۆڵی چاودێرانەی بەسەر کاری دامودەزگاكانەوە بە جۆرێك ببینێت، كە ببێتە هاوبەشێكی كاریگەر لە پرۆسەی بوونیادنان و گەشەسەندنی دیموکراسی و كۆمەڵگەدا”.

نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “چاوەڕوانین ڕۆژنامەنووسان بەرپرسیارانە و پیشەییانە، بە ڕەچاوكردنی یاسا بەركارەكان و ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، ڕاستگۆ، هاوسەنگ و بێلایەن، كاری خۆیان بكەن و پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سه‌قامگیریی سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵاتەكەیان لەبەرچاو بگرن”.

هەر پیشێلكارییەكی بواری ڕۆژنامەوانی، دەبێت بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەشڵێت، “بە چاوی ڕێزەوە لە ڕۆڵی ئەو دەزگا و ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییانە دەڕوانین، کە بە ڕاستگۆیی و ئەمانەتەوە چاودێریی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لە هەرێمی كوردستان دەكەن، ڕاپۆرتەكانیان بە یارمەتیدەر و ڕێنیشاندەر بۆ پتەوتركردنی زەمینە و پاراستنی ئازادییەكان دەنرخێنین”.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشكرد، “هەر لەم بۆنەیەدا نیگەرانیی قووڵم لەو دیاردە دزێو و زمانە ئاستنزمە دەردەبڕم، كە بەداخەوە لە بەشێكی میدیا و سۆشیاڵ میدیای كوردستاندا سەریهەڵداوە، زمانێك نامۆ بە ئاكار و نەریتی کۆمەڵگەی کوردستان و بە مێژوو و كەلەپووری سەنگینی ڕۆژنامەگەریی كوردی و دوور لە هەموو ئیتیك و بەهایەكی ڕۆژنامەوانی، دەبێت بە هەوڵی هەموو لایەك سنوورێك بۆ ئەو دیاردەیە دابنرێت و کۆتایی پێبێت”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تەندروستیی سلێمانی لەبەردەم بانکەکان تیمی تەندروستی دادەنێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بەمەبەستی پاراستنی گیانی مووچەخۆران تیمێکی تەندروستیی لەبەردەم سەرجەم بانکەکانی دابەشکردنی مووچەدا جێگیربکات. لە لێدوانێکدا…
Total
0
Share