سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ڕەتیكردەوە پشتگیریی هیچ كام لەو كاندیدانە بكات كە كێبڕكێ بۆ جێگرتنەوەی دەكەن و وتی، نایەوێت زیان لە هەل-ەكانیان بدات.
بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە یەكەم دەركەوتنی میدیایدا پاش ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند دەستبەرداری پۆستەكەی دەبێت وتی، “نامەوێت زیان بە هەلی هیچ كاندیدێك بگەیەنم لەڕێی نیشاندانی پاڵپشتیی خۆم بۆی”.
دوێنێ 9 پەرلەمانتاری سەر بە پارتی پارێزگاران هەڵمەتەكانیان بۆ جێگرتنەوەی بۆریس جۆنسن دەستپێكرد، لەگەڵ نیشاندانی سووربوونی زۆریان بە جیاوازییان لەگەڵ ڕیشی سۆناك-ی وەزیری پێشووی دارایی دەربارەی پرسی باج.
هەر یەكشەممە بینی مۆردنت وەزیری بازرگانی بەفەرمی خۆكاندیدكردنی ڕاگەیاند، بەمەش چووە پاڵ گرانت شابس وەزیری گواستنەوە، نەدیم زەهاوی وەزیری دارایی و جێریمی هانت و ساجد جاوید-ی وەزیرانی پێشوو بەمەش كۆی گشتییان گەیشتە 9 كاندید.
مۆردنت لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی، “ئەمە خاڵێكی گۆڕانكاریی یەكلاكەرەوەیە بۆ وڵاتەكەمان، باوەڕموایە پێكهێنانی حكومەتێكی هاوپەیمانیی سۆسیالیسی یان بە سەرۆكایەتی سۆسیالیستەكان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا وەك كارەساتە بۆ بەریتانیا… پێویستە لەسەرمان براوەبین لە هەڵبژاردنی داهاتوودا”.
لیژنەی یاسادانەران، كە پارتی پارێزگاران لە ساڵی 1922دا دایمەزراند، خشتەی دیاریكراوی كێبڕكێ دیاریدەكات پاش كۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە.
پۆپ بلاكمان بەرپرسی جێبەجێكاری لیژنەكە ڕایگەیاند، دەرگای خۆكاندیدكردن ئێوارەی سێشەممە دادەخرێت و پاش ئەوە پرۆسەی كەمكردنەوەی كاندیدان بۆ دووان دەستپێدەكات و تا 21ی ئەم مانگە دەخایەنێت.
دواتر ئەندامانی حزبەكە لە هاویندا سەركردەیەكی نوێ بۆ حزبەكەیان هەڵدەبژێرن و پاشان دەبێتە سەرۆك وەزیران.
لەگەڵ ڕۆچوونە ناو كێبڕكێكانەوە (شابس، زەهاوی، هانت و جاوید) بەڵێنی كەمكردنەوەی باج-یان دا كە پێچەوانەیە لەگەڵ سیاسەتی ڕیشی سۆناك-ی وەزیری پێشووی دارایی كە قورسترین بارگرانیی باجی لە پەنجاكانی سەدەی ڕابردووەوە خستەسەر بودجەی وڵاتەكەی.
پێنجشەممەی ڕابردوو جۆنسن ڕایگەیاند دەست لە پۆستەکەی دەکێشێتەوە، دوای ئەوەی چەندین پەرلەمانتار و وەزیر لە حکومەتدا ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە مامەڵەکردنی لەگەڵ زنجیرەیەک ئابروچووندا، لەنێویاندا پێشێلکردنی یاساکانی كەرەنتین لە نوسینگەكەی لە داونینگ ستریت.
ڕوونیشیكردەوە كە تا هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ لە پۆستەكەیدا دەمێنێتەوە.