ئەو گەنجەی زاخۆ، كە لەلایەن بەرپرسێكی پارتییەوە زیندانیكرابوو، دوێنێ ئازادكرا.
دوای ئەوەی هەواڵی دەستگیركردنی گەنجێك لەلایەن عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی لقی 8ی پارتی لە زاخۆ بڵاوكرایەوە و بەشێك لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان كاریان لەسەر پرسەكە كرد، دوێنێ “خاكڤین” بەناچاری ئازادكرا.
پێشتر محەمەد بلیجانی هاوڵاتییەكی خەڵكی زاخۆیە و باوكی گەنجە دەستگیركراوەكەیە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسیبووی، ڕۆژی 29/6/2022، پۆلیسی زاخۆ لەسەر سكاڵایەكی عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی لقی 8ی پارتی لە زاخۆ، “خاكڤین”ی كوڕیان بانگكردووە و نێردراوە بۆ دادگا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كردووە، بەڵام دادگا كوڕەكەیان بێتاوان كردووە و هیچی لەسەر نەبووە، بۆیە ئازادیان كردووە.
بەڵام باوكی گەنجەكە ئاشكرایكردووە، دواتر و لە ڕۆژی 6/7/2022 و چەند ڕۆژێك پێش جەژنی قوربان، دووبارە دادگا خاكڤین-ی بانگكردووەتەوە و “لێكۆڵەری دادگا و نوێنەری لقی 8ی پارتی پێكەوە” لێكۆڵینەوەیان لە گەنجەكە كردووە و بڕیاری دەستگیركردنیان داوە.
محەمەد بلیجانی بۆ ڕۆژی دواتر چووەتە دادگا تا كوڕەكەی بە كەفالەت ئازادبكات، بەڵام وەك خۆی دەڵێت، لە دادگای زاخۆ بە باوكی گەنجەكە و پارێزەرەكانیان وتووە، ئەوان وەكو دادگا هیچیان لەسەر گەنجەكە نییە و “خاكڤین دەستگیركراوی كاك عەلی عەونی بەرپرسی لقی 8ی پارتییە”.
وەكو باوكی گەنجەكە نووسیویەتی، دوای ئەوەی لە یەكەم جاردا دادگا بڕیاریداوە خاكڤین ئازادبكات، گەنجەكە لە فەیسبووك پۆستێكی كردووە و وەسفی دادگای زاخۆی كردووە، بەوەی لەژێر دەستی بەرپرساندا نییە و سەربەخۆیە، بەڵام “لەسەر ئەو مەدح و پۆستەی فەیسبووك” خاكڤین لەلایەن بەرپرسەكەی پارتییەوە دەستگیركراوە.