خواردنی بە بێبەرامبەر بەخشی و مایەپوچ بوو.. چیرۆكێكی سەیری بزنسێك

چێشتخانەیەك لە واشنتنی پایتەختی ئەمریكا ناو و ناوبانگی پەیدا كرد بەهۆی ئەوەی ژەمە خواردن دەدات بە كەسانی بێنەوا و هەژار، بەڵام ئەوە لە سەردەمی کۆرۆنادا سەری كێشا بۆ مایەپوچ بوونی و دواتر ڕێگایەكی بەكارهێنا بۆ هەستانەوە.

كازی مەنان، كۆچبەرێكی پاكستانییە و لە ئەمریكا چێشتخانەیەكی بە ناوی “ساكینە حەڵاڵ” لە ساڵی 2013وە دامەزراندووە، بەڵام وەك خۆی بە سكای نیوزی ڕاگەیاندووە، چێشتخانەكەی لە سەردەمی پەتای كۆرۆنادا كەوتە بارودۆخێكی زۆر خراپەوە، لەبەر ئەوەی چێشتخانەكە دەكەوێتە ناوچەیەكی بازرگانییەوە و چەندین نوسینگە و ئوتێل لەخۆ دەگرێت، بۆیە لە سەرهەڵدانی كۆرۆناوە ئەو ناوچەیە چۆڵبووە.

مەنان باسی لەوەكردووە، بۆ یەكەمجار لە ژیانیدا داوای هاوكاری كردووە، هەرچەندە چێشتخانەكەی سەدان ژەمە خواردن بێبەرامبەر دەبەخشێتە ئەو كەسانەی پێویستیانە، بەڵام كۆرۆنا وای كرد چێشتخانەكە بەرەو مایەپوچبوون بچێت و دابخرێت.

لە 12ی ئەم مانگە، تیمی چێشتخانەكەی مەنان هەڵمەتێكیان بۆ هاوكاریكردنیان ڕاگەیاند بەناوی، “هاوكاری داراییمان بكەن” لەوبارەیەوە مەنان ئاماژەی بەوەكردووە، “ویستمان پشت بە خۆمان ببەستین بەڵام گەیشتینە قۆناغێك پرسیار لە خۆمان بكەین، پێویستە چی بكەین، ئایا هەموو شت كۆتاییهاتووە؟”.

خاوەنی چێشتخانەكە ئەوەشی وتووە، لە هەموو ژیانیدا داوای یارمەتیی دارایی لە هیچ كەس نەكردووە، بەڵام بڕیاریان داوە داوا لە هاوڵاتییان بكەن ئەگەر دەتوانن چێشتخانەكە ڕزگار بكەن بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە پێدانی موچەی فەرمانبەرانیان و پێدانی ژەمە خواردن بە بێنەوایان و ئەو كەسانەی پێویستیانە بە بێ بەرامبەر.

پاش ڕاگەیاندنی هەڵمەتی كۆمەكییەكە بۆ چێشتخانەكە، ستافەكە ئامانجیان ئەوەبوو 250 هەزار دۆلار كۆبكەنەوە، بەڵام لەماوەی تەنها یەك هەفتەدا زیاتر لەوەی چاوەڕوانی بوون پارەیان بۆ نێردرا، كە زیاتر لە 300 هەزار دۆلاریان وەك كۆمەك بۆ ڕۆشت.

مەنان بە دڵخۆشییەوە ئاماژەی بەوەكردووە، “بەردەوام ئامانجم ئەوە بووە، ڕووناكی و هیوایەك بم بۆ كۆمەڵگا، بۆ ئەوەش ئەوەی بتوانم دەیكەم”.

ئێستا پاش ئەوەی پارەی پێویستیان كۆكردەوە، سەرجەم قەرزەكانیان دایەوە و چێشتخانەكە بەردەوامە لە كارەكانی، مەنان دەڵێت، “هیوادارم لە داهاتوودا دامەزراوەیەكی كۆمەڵایەتیی گەورە دابمەزرێنم”.

ئەوەشی ڕاگەیاندووە، باوكی هەر لە منداڵییەوە فێری كردووە بەخشەر بێت و پێی وتووە، “ئەگەر دەتەوێت لە خودا نزیك بیت، ئەوا پێویستە ئەوانی دیكەت خۆش بوێت و هاوكاری ئەو كەسانە بكەیت پێویستیانە”.

ئەو هەنگاوەی هاوڵاتییان كە نەیانهێشت چێشتخانەكە دابخرێت بەهۆی مایەپوچ بوونەوە، بووەتە جێی دڵخۆشی مەنان و دەڵێت “دەمەوێت لە داهاتوودا كارێك بكەم ئەوەی لە ئەمریكا پێویستی بە ژەمە نانێكە پێی بگەیەنم”.

بابەتی پێشتر

وردەكاری دوایین ساتی ژیان و دوایین قسەكانی مارادۆنا

بابەتی دواتر

یارییه‌کانی ئه‌مڕۆ، پێنجشه‌ممه‌ی یوروپا لیگ به‌کاتی هه‌رێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی شوبات بەردەوامە لەبەرزبوونەوە، بەهۆی بڕیاری هاوپەیمانیی ئۆپیک+ بۆ بەردەوامبوون…
Total
0
Share