وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم ڕوونكردنەوە لەبارەی مەترسی بەبیابانبوونی زەوییەكانی هەرێمی كوردستان بەهۆی وشكەساڵی و كەمبارانیی هاوشێوەی عێراق دەدات و بەرپرسێكی ئەو وەزارەتەش جەختدەكاتەوە ئەگەر كاریگەرییەكانی وشكەساڵی بەردەوامبێت مەترسی بەبیابانبوون لەسەر زەوییەكانی چەند ناوچەیەكی گەرمیان و سنووری پارێزگای هەولێر هەن.
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق هۆشداریدەدات لەوەی، 55%ی كۆی گشتیی زەوییەكانی عێراق مەترسیی بەبیابانبوونیان لەسەرە، هۆكارەكەشی كەمئاوییە.
حسێن حەمە كەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، عێراق پشت بە ئاوی ڕووبارەكانی دیجلە و فوڕات دەبەستێت كە ئێستا ئاستی ئاوی ئەو دوو ڕووبارە كەمیكردووە مەترسی بەبیابانبوونی لەسەرە و ئەو مەترسییەش زیاتر لەسەر عێراق هەیە وەك لە هەرێمی كوردستان.
ئاشكرایكرد، ئەگەر كاریگەرییەكانی وشكەساڵی لەسەر هەرێمی كوردستان بەردەوامبێت چەند ناوچەیەك مەترسی بەبیابانبوونیان لەسەرە بەتایبەت لە سنووری گەرمیان و دیبەگە لە سنووری پارێزگای هەولێر كە تێكرا ئاستی بارانبارینیان لە 200 ملیمەتر كەمترە.