هەرێم.. لەماوەی 10 مانگدا توندوتیژی بەرامبەر 8 هەزار ژن كراوە

ڕۆژی 25ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێك وەك ڕۆژی نیشتمانیی جیهانیی ڕوبەڕوبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دیاریكراوە، كە لە ساڵی 1999وە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە ئەو ڕۆژە بۆ ئەو بۆنەیە دیاریكرا.

لە هەرێمی كوردستان، هاوشێوەی وڵاتانی جیهان كۆمەڵێك چالاكی لەو ڕۆژەدا بەڕێوەدەچن بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئەنجومەنی باڵای خانمان و ڕێكخراوەكانی ژنان “هەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان” بەڕێوە دەبەن.

“هەبوونی نایەکسانییەکان بۆ ژنان و کچان لەسەردەمی پەتای کۆرۆنادا زیاتر پەرەی سەندووە”

ئەمڕۆ 25ی تشرینی دووەم، بەبۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی جیهانیی ڕوبەڕوبوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان ڕایگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، تیاییدا هاتووە، “ئێمە لەکاتێکدا هەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان ڕادەگەیەنین کە پەتای کۆڤید-19 و وەڵامدانەوەی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە ساتەوەختێکی مێژووییدا تێدەپەڕێت، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتاکەدا، ژنان و کچان بەشێوەیەکی جیاوازتر و زیاتر لە پیاوان و کوڕان کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییە نەرێنییەکان”.

ئەنجومەنەكە ئەوەشی ڕایگەیاندووە، “ژنان و كچان كەوتوونەتە ژێر كاریگەرییەكانی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا، نموونەی ئەو کاریگەرییانە بریتین لە، بە ناچاری مانەوەی ژنان و کچان لە ماڵەوە سەرقاڵکردنیان بە کاری ناوماڵ، کاریگەری لە سەر سیستەمی پەروەردە کردووە و داهاتووی خوێندیانی لێڵ کردووە، هەروەها لەگەڵ دابەزینی ئاستی داهاتی خێزان یان نەمانی سەرچاوەی داهات ئافرەتان زیاتر لاوازبوون و ڕوبەڕووی توندوتیژیی خێزانی بوونەتەوە”.

ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان ئەوەشی خستوەتەڕوو، “زۆری کارمەندانی ئافرەت لە کەرتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەوانی خستووەتە بەردەم مەترسیی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە، هەروەها دەستپێڕاگەیشتنی ژنانی بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان کەمکردووەتەوە، لە کوردستانیش وەک هەموو وڵاتانی جیهان شێوازە جەستەیی، دەروونی و ئابورییەکانی توندوتیژی لەسەربنەمای جێندەر لەکاتی هەبوونی قەیرانەنەکاندا دەردەکەون، ئەوەش بەهۆی گۆڕانی پێکهاتە و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان کە لەگەڵ هەبوونی نایەکسانی جێندەری سیستەمیکدا تێکهەڵکێش کراون و هۆکارە ڕیشەییەکانی توندوتیژی لەسەربنەمای جێندەر پێکدێنن”.

“هەبوونی نایەکسانییەکان بۆ ژنان و کچان لەسەردەمی پەتای کۆرۆنادا زیاتر پەرەی سەندووە، پرسی ئافرەت لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وەک یەکێک لە پرسە گرنگەکان ئاماژەی پێدراوە، لە کارنامەکەدا هاتووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدژی هەر جیاکارییەکی ڕەگەزی و پەراوێزخستنی ڕۆڵی ئافرەت دەوەستینەوە و کار بۆ ئەوە دەکات کە ئافرەتان بە توانا و لێهاتوویی خۆیانەوە ڕۆڵ و پێگەی شایستەی خۆیان لە کۆمەڵگادا وەرگرن و هەروەها بەشدارییەکی کارا لەناو کایەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیی هەرێمدا بکەن”، لە ڕاگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانماندا هاتووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، “بۆیە، ئەگەر بە وردی سەیری پرسی ژن لە کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکەن، ئەوەتان بۆ دەردەکەوێت کە حکومەت هەوڵدەدات کە کەشێکی لەبارتر و گونجاوتر و پێشکەوتووتر؛ یەکەم، بۆ بەشداریکردنێکی کارای ئافرەتان لەناو کایە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگای کوردستان بڕەخسێنین، ئەوەش بەبێ جیاوازی. دووەم، لەدژی هەر کردارێکی توندوتیژانە و پەراوێزخستنیان دەوەستینەوە و وەک ئەرکێکی حکومەت دەیانپارێزێت. سێیەم، لەڕێگەی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتەوە و بە میکانیزم و ڕێوشوێنە یاساییە بەردەستەکان ڕێگری لە سەرهەڵدان و دوبارەبوونەوەی توندوتیژی و پەراوێزخستنەکان دەکرێت”.

ئەنجومەنەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، “هەرلە ساتەوەختی سەرهەڵدانی پەتاکەوە تائێسا حکومەتی هەرێم ئەم هەنگاوانەی خوارەوەی بۆ ڕێگرتن لە توندوتیژی هەڵگرتووە: 1. لەوە دڵنیابووەتەوە کە ڕێوشوێن و ڕێکارەکانی پاراستن کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو ڕێکخراوە ناوخۆیی، هەرێمی و جیهانییانەی بواری ژنان کە لە کوردستان کار دەکەن نەکات. 2. لەبەر کەمی بودجەی بەردەست و بڕینی لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، حکومەتی هەرێم هەوڵیداوە کە ئامۆژگاریی وڵاتانی کۆمەکبەخش و ڕێکخراوەکانی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕرێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکات کە هاریکاری دامودەزگا حکومییەکانی پەیوەست بە پرسی ژن و هەروەها ڕێکخراوەکانی بواری ئافرەتان بن بۆ ئەوەی سیستمی وەڵامدانەوەی حکومەت بەهێزتر ببێت، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری ئافرەتان. 3. بەشێوەیەکی بەردەوام هەڵسەنگاندنی بۆ ڕێوشوێنەکانی پاراستن و هەموارکردنیان کردووە و هەروەها لەوە دڵنیابووەتەوە کە ئافرەتان بەگشتی قوربانیی توندوتیژییەکان دەستیان بە ڕێوشوێن و خزمەتگوزارییەکان دەگات. 4. لە ڕێگەی کەناڵە فەرمی و پارێزراوەکانەوە لەوە دڵنیابووەتەوە کە پرۆگرام و پرۆژەکانی وەڵامدانەوە ڕەنگدانەوەی خواستی ئافرەتانە بەگشتی و هەروەها ئەو ژنانەیە کە توندوتیژییان لەگەڵ کراوە”.

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمانی هەرێم دەڵێت، “ئێمە بە دەنگێکی بەرز و هاوڕا لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی ڕایدەگەیەنین کە کارکردن لەپێناو کۆتاییهێنان بە توندوتیژی پێویستی بە بەخشین، وەڵامدانەوە، پاراستن و کۆکردنەوە هەیە، هەربەم بۆنەیەوە سوپاسی هەموو کارمەندانی بەڕێوبەرایەتییەکانی بەرەنگاربووەنەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزان دەکەین لە سەرانسەری کوردستان و هەروەها سوپاسی ڕێکخراوەکانی ژنانیش دەکەین بۆ هاوکاری بەردەوامیان لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەت لەپێناو باشترکردنی ڕەوشی ئافرەتان لە کۆمەڵگاکەماندا”.

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بافڵ تاڵەبانی: ھاوخەباتی ژنە ئازاد و ئازاکان دەبم بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانیان

بافڵ تاڵەبانی، هاوسه‌رۆكى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌بۆنه‌ى ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ڕایگەیاند، ” ھاوخەباتی ژنە ئازاد و ئازاکان دەبم بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانیان”.

لە پەیامێكدا ئەمڕۆ 25ی تشرینی دووەم، بافڵ تاڵەبانی، هاوسه‌رۆكى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی 16 ڕۆژى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توتدوتیژى دژی ژنان ڕایگەیاند، “ژنان بەشێکی دانەبڕاوی، خەباتی سیاسی و مەدەنی و پێشخستنی کایەکانی ژیانی کۆمەڵگای کوردەوارین”.

بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەشكردووە، “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش باوەڕی تەواوی بەو خەباتە ھەیە، وەک ھەمیشە پاڵپشت و ھاندەر و ھاوکاری سەرسەخت دەبین بۆ بەدیھێنانی مافەکانی ژنان”.

هاوسەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكردووە، “لە مامیشەوە فێربووین، ڕێز لە مافەکانی ژنان بگرین و لەپێشەوەی داکۆکیکارە سەرسەختەکانبین لە دۆسیەکانی ژنان، بەندەش دژی جیاوازی ڕەگەزی و نادادی لەبەرامبەر داواکارییەکانی ژنان دەوەستمەوە و پارێزەری بەدیھێنانی خواست و مافە خوراوەکانتان دەبم، ھەموو ھەوڵێکیش دەخەمەگەڕ لەپێناو ڕێگرتن لەھەر توندوتیژییەک، بەھەر پاساوێک کە بەرامبەر ژنان بکرێت و ژیانیان بخاتە مەترسییەوە و ڕێگربێت لە پێشکەوتنەکانیان”.

لە كۆتایی پەیامەكەیدا بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، “ھاوخەباتی ژنە ئازاد و ئازاکانیش دەبم بۆ بەدیھێنانی خەون و ئامانجەکانیان”.

هەرێم.. لەماوەی 10 مانگدا توندوتیژی بەرامبەر 8 هەزار ژن كراوە

لەماوەی 10 مانگی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان توندوتیژی بەرامبەر 8 هەزار ژن كراوە، وەك قوباد تاڵەبانی ئاماژەی پێكردووە و دەڵێت، “هەموو دەسەڵاتی سیاسی و یاسایی خۆم بەکاردەهێنم بۆ دەستگیرکردن و سزادانی ژنکوژان”.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ڕایگەیاندووە، “لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕایدەگەیەنم کە هەموو دەسەڵاتی سیاسی و یاسایی خۆم بەکاردەهێنم بۆ دەستگیرکردن و سزادانی ژنکوژان و هەموو ئەوانەی کە توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدەن”.

جێگری سەرۆكی حكومەت ئەوەشی ئاشكراكردووە، “لە ماوەی 10 مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە 8 هەزار ژن، کە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە و هەڕەشەیان لەسەر بووە پەیوەندییان بە هێڵی 119وە کردووە و لەناو ئەمانەدا زیاتر لە 6 هەزاریان سکاڵای توندوتیژییان لای حکومەت تۆمار کردووە”.

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “دەستخۆشی لە بەڕێوبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی دەکەم کە توانیویانە لێکۆڵینەوەی تەواو بۆ نزیکەی 4 هەزار حاڵەت بکەن و دۆسییەکانیان خستووەتە بەردەم دادگا”.

“ئەركە لەسەر ھەر یەكێكمان دژ بە توندوتیژی و نایەكسانیی جێندەریی بوەستینەوە و ھەنگاو بنێین بەرەو ھێنانەدی ھاوسەنگیی جێندەری لە پێناو گەیشتن بە كۆمەڵگایەكی تەندروست”، قوباد تاڵەبانی وای وتووە.

له ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی_دا دوو ژن درانە بەر چەقۆ
پیاوێك لە ناوچەی تاسڵوجە بە چەقۆ هەریەك لە هاوسەر و دایكی هاوسەرەكەی برینداردەكات و وتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت، تۆمەتبارەكە دەستگیركراوە.

سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی تشرینی دووەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ڕوداوەكە ئێوارەی دوێنێ بووە، پیاوەكە چووەتە سەر ماڵی باوانی هاوسەرەكەی و پاش دەمەقاڵە دوو چەقۆی لە هاوسەرەكەی و دووانیشی لە خەسووی داوە.

وتیشی، “دوای ڕوداوەكە بە یەك كاتژمێر تۆمەتبار لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیركراوە”.

وتەبێژەكەی پۆلیس ئاماژەی بەوەشكرد، كێشەكەیان خێزانی و لەنێوان ژن و مێردەكەدا بووە كە هەردووكیان تەمەنیان لە سەروو 25 ساڵەوەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، دوو بریندارەكە باری تەندروستییان جێگیرە و لە نەخۆشخانە لەژێر چارەسەركردندان، تۆمەتبارەكەش بەپێی ماددەی 403 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیركراوە.

ڕوداوەكە هاوكاتە لەگەڵ ڕۆژی نیشتمانیی جیهانیی ڕوبەڕوبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان كە لە ساڵی 1999وە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە دیاریكراوە.

ئاماری توندوتیژی دژی ژنان بۆ شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2020 

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، بەراورد بە شەش مانگی یەكەمی 2019، توندوتیژی دژ بە ژنان كەمی كردووە و زیاتر لە 3 هەزار و 700 سكاڵاش تۆماركراون، لەكاتێكدا لە ساڵی 2019دا، نزیكەی 5 هەزار سكاڵا تۆماركرابوون.

ئامارەكان لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان پێشتر بڵاوكراوەتەوە، كە تیاییدا هاتووە، لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2019دا، ئەو حاڵەتانەی تۆماركرابوون بریتیبوون لە 4 هەزار و 972 سكاڵا و 22 حاڵەتی كوشتن و 32 حاڵەتی خۆكوشتن و 58 حاڵەتی خۆسوتاندن، هەروەها 47 كەیسی دەستدرێژیی سێكسی.

بەڵام لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، 3 هەزار و 769 سكاڵا تۆماركراون و 13 حاڵەتی خۆكوشتن و 26 حاڵەتی خۆسوتاندن، هەروەها سێ حاڵەتی كوشتن و 35 كەیسی دەستدرێژیی سێكسی تۆماركراون.

 

بابەتی پێشتر

نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و لە 50 دۆلار نزیكدەبێتەوە

بابەتی دواتر

سلێمانی.. پیاوێك هاوسەر و خەسووی بەر چەقۆ دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share