فایەق زێدان: بۆ هیچ لایەنێك نییە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی جێبەجێنەكات

فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق

سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی پابەندانەیە و بۆ هیچ لایەنێك نییە جێبەجێیان نەكات، هەروەك هەمواركردنەوەی بڕگەكانی دەستوور بەپێویست دەزانێت.

فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، دادگای باڵای فیدراڵی بەشێكە لە سیستمی دادوەری و كارەكانی بەشێوەی سەربەخۆ و دوور لە دەستێوەردانی حكومەت دەردەكات، بەڵكو ژمارەیەك لە بڕیارەكانی دادگا بەپێچەوانەی ڕای حكومەت دەرچوون.

دەربارەی بڕیارەكەشی سەبارەت بە هەناردەی نەوتی هەرێم زێدان لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی سەباح-ی نیمچە فەرمی وتی، “سكاڵاكار لەو دۆسیەیەدا وەزارەتی نەوت بوو، كە ڕەنگدانەوەی تێڕوانینی حكومەتە، پاش ئەوەی دادگا پێداچوونەوەی بە نوسراوەكانی سكاڵاكەدا كرد بینی وەزارەتەكە لەڕووی دەستوورییەوە مافی ئەوەی هەیە ئەو سكاڵایە تۆماربكات”.

ئەوەشی وت، “بۆیە بڕیارەكە لە بەرژەوەندیی وەزارەتی نەوت دەرچوو، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت كە بە هەماهەنگی نێوان حكومەت و دادگا بووە، بەڵكو حكومەت سكاڵاكار بووە لە دۆسیەكەدا وەك هەر سكاڵاكارێكی دیكە”.

سەبارەت بە پابەندبوونیش بە بڕیارەكانی دادگا سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری ئەوەی خستەڕوو، “پابەندبوون بەر لەهەموو شتێك ئەركێكی دەستووری و یاساییە، بەهۆی ئەوەی لە دەستووردا بەدەق هاتووە كە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی پێویستە پابەندی پێوەبكرێت، بۆیە بۆ هیچ جۆرە لایەنێك نییە بڕیارەكانی دادگا جێبەجێ نەكات، چونكە بەوە سەرپێچیی دەستوور و یاسا دەكات”.

فایەق زێدان تێڕوانینی خۆیشی لەبارەی پێویستیی هەمواری دەستوور نیشاندا و ڕایگەیاند، ئەو بارودۆخەی لەئارادابوو لەكاتی داڕشتنی دەقەكانی دەستوور لە ساڵی 2005دا گۆڕاوە و بەشێك لە ماددەكانی دەستوور ڕێگرن لەبەردەم پێكهێنانی دەسەڵاتە دەستوورییەكان لەهەر شایشتەیەكی هەڵبژاردندا، بۆیە پێویستە چاوخشاندنەوە بەو دەقانە و داڕشتەكانیدا بەشێوەی بنەڕەتی بكرێت، بەجۆرێك گونجاو بێت لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییە سیاسییانەی لەماوەی 19 ساڵی ڕابردوودا ڕوویانداوە.

بابەتی پێشتر

کۆگای بیکۆ لە سلێمانی داخرا

بابەتی دواتر

پێچەوانەی ویستی توركیایە<br>ئەمریكا داوادەكات پەلەبكرێت لە وەرگرتنی سوید و فینلەندا لە ناتۆ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share