پێچەوانەی ویستی توركیایە
ئەمریكا داوادەكات پەلەبكرێت لە وەرگرتنی سوید و فینلەندا لە ناتۆ

 

 

ئەمریکا هیوادارە بە زووترین کات وەڵامی ئەرێنیی لەبارەی ئەندامبوونی سوید و فینلەندا بدرێتەوە، ئەمە لەکاتێکدا پێشتر تورکیا بەتوندی دژایەتیی وڵاتەکەی بۆ ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە ئاشکراکردووە.

پێنتاگۆن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردوە، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بەتوندی جەختیکردووەتەوە لە لیژنەی بەرگریی ئەنجومەنی پیران، کە بەزووترین کات ڕەزامەندیی بدرێت لەسەر ئەندامبوونی هەریەکە لە سوید و فینلەندا لە ناتۆ.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سێلێست ئەی واڵاندەر یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی لە کۆبوونەوەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیراندا ڕایگەیاندووە، سوید و فینلەندا لەڕووی توانا و کاری سەربازییەوە ئامادەن بۆ ئەندابوون لە ڕێکخراوی ناتۆ.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بەرگری باسی لەوەکردووە، سوید و فینلەندا ئاسایش و سەقامگیریی زیاتر بۆ ئەوروپا دروستدەکەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، داواکاریی سوید و فینلەندا بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە لەدوای هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ژینگەی ئاسایش گۆڕانکاریی بەسەرداهاتووە، لەکاتێکدا ئەو دوو وڵاتە پێشتر هاوبەشی هاوپەیمانیی ناتۆ بوون بەڵام داوایان نەکردووە ببنە ئەندام لە ناتۆ.

ئەو بەرپرسەی پێنتاگۆن دەڵێت، بەڵام داگیرکاریی پوتین بۆ ئۆکرانیا بووە هۆی هەژاندنی  ڕای گشتی لە هەردوو وڵات و ئەنجومەنی یاسادانانی هەردوو وڵات بەخێرایی گفتوگۆیان کرد و جووڵەیان دەستپێکرد و چوونە پاڵ هاوپەیمانی 30 نەتەوەکەیان پەسەند کرد.

لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ یەکەم هەنگاوی ئەو دوو وڵاتە بۆ ئەندامبوونیان لە ناتۆ، تورکیا بەرهەڵستیی داواکارییەکەی کرد و ڕەتیکردەوە.

هەروەها ڕەجەب تەیب ئەرۆدغان سەرۆك كۆماری توركیا لەبارەی ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە هەرزوو ڕایگەیاند، “تا من سه‌رۆك بم ناهێڵم ئه‌وانه‌ بێنه‌ ناو ناتۆوه”‌.

 

تورکیا پێیوایە، كه‌ سوید و فینلەندا پشتیوانیی له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان ( پەكەكە) دەكەن، ئەوەش بیانووی ئەو وڵاتەیە بۆ ڕەتکردنەوەی بوونە ئەندامی سوید و فینلەندا لە ناتۆ.

 

ئەردۆغان باسی لەوەشكرد، ڤیتۆی لەسەر بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە هەیە، بۆیە هەرگیز نایەڵێت ببنە ئەندام لە ڕێكخراوەكەدا.

بابەتی پێشتر

فایەق زێدان: بۆ هیچ لایەنێك نییە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی جێبەجێنەكات

بابەتی دواتر

وەزارەتی کارەبا: ماوەی لێخۆشبوونی 15%ی قەرزی کارەبا کۆتاییهاتووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت دابەزی

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بە بەراورد بە نرخەكەی لە دوێنێدا دابەزینی بەخۆوە بینیوە و یەك بەرمیل نەوتی…
Total
0
Share