جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، دانووستانەکانی ئەمجارەیان بۆ پێکھێنانی حکومەتی داھاتووی عێراق جیاوازە و وەرگرتنی پۆست و ئیمتیاز ئەولەوییەت نییە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مارتین جایگەر باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق ڕایگەیاند، لە دانووستانەکانی ئەمجارەیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق جیاوازە و وەرگرتنی پۆست و ئیمتیاز ئەولەوییەت نییە بەڵکو ئەولەوییەت مەرجە سیاسی و ئابوری و ژینگەییەکانە.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق و پرۆسەی دانووستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو کرا و جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە لایەنە کوردییەکان بە یەکدەنگی و بە پڕۆژەی هاوبەش بچنە دانووستانەکانی پێکهێنانی حکومەتەوە.
قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، بە داخەوە لە ِرابردوودا دانووستانەکان زیاتر لەسەر وەرگرتنی پۆست و ئیمتیازات چڕکرابووەوە، بەڵام ئەمجارەیان پرسە سیاسی و ئابوریی و ژینگەییەکان ئەولەوییەتی دانووستانەکانیانە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی حکومڕانی و پرۆسەی ڕیفۆرم لە هەرێمی کوردستان کرا و جێگری سەرۆک وەزیران داوایکرد حکومەتی ئەڵمانیا زیاتر هاوکاری حکومەتی هەرێم بێت بە تایبەت لەڕووی ڕاوێژکارییەوە و لە بوارە جیاوازەکاندا کەسانی پسپۆڕ بنێرێتە کوردستان.