فەرمانی 74 و 3ی ئاب.. ناچاركردنی گەلێك لەنێوان بژاردەكانی كوشتن، ڕفاندن و هەڵهاتندا

حەوت ساڵ بەسەر هێرشی داعش بۆسەر ئێزدییەكان لە قەزای شەنگال و دەوروبەری تێپەڕدەبێت، لەو ڕووداوەی هاوڵاتییانی ئێزدی خرانە بەردەم چارەنووسی كوشتن و ڕفاندن، یان هەڵهاتندا.

بەرەبەیانی زووی 3ی ئابی 2014 چەكدارانی داعش هێرشیان بۆسەر شەنگال و گوند و ناوچەكانی دەوروبەری دەستپێكرد، لەماوەیەكی كەمدا بەشێكی بەرچاوی سنوورەكە بە دانیشتوانەكانیانەوە كەوتە دەست چەكدارانی گروپەكە.

لە ڕۆژانی دواتردا پڕۆسەیەكی بەرفراوان و بەرنامەبۆداڕێژراو دژ بە گەلی ئێزدی دەستیپێكرد، بەهۆیەوە زیاتر لە 10 هەزار ئێزدی شەهید و بێسەروشوێن بوون، 360 هەزار كەس ئاوارەبوون، چەندان گوند و پەرستگای ئێزدییەكان وێرانكران، پیاوان بەكۆمەڵ كوژران و ژێرخاك نران، كچ و ژنانی گەنج-یش وەك سەبایا و كەنیزەك ڕەوانەی موسڵ و ڕەققە و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەناو خەلافەت كران.

ئەو هاوڵاتییانەی توانییان هەڵبێن، بەشێكی زۆریان پەنایان بردەبەر چیای شەنگال و بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ بێ نان و ئاو مانەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەكیان لە برسێتی و تینوێتیدا گیانیان لەدەستدا.

ئێزدییەكان خاوەنی ئاینی تایبەت بە خۆیانن و زۆربەیان لە شەنگال و دەڤەری شێخان دەژین، ھەروەھا لە بۆتان و دەربێسیە و باکووری پارێزگای حەسەکە و عەفرین لە حەلەب و ئەلەگەزی ئەرمەنستان و پارێزگای قەرس و ئەردێخانی باکووری ڕۆژھەلاتی تورکیادا دەژین، جیاوازیی ئاینەكەیان بیانوویەكی گەورەبوو بۆ هێرشە دڕندانەكەی داعش بۆسەریان و هەوڵدان بۆ پاكتاوكردنیان.

ئەگەرچی لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 شەنگال و ناوچەكانی دەوروبەری لە داعش پاككرانەوە، بەڵام تائێستا بەشێكی بەرچاوی دانیشتووانەكەی نەگەڕاونەتەوە، نەتوانراوە خزمەتگوزاری تەواوەتی بۆ ناوچەكە بگەڕێنرێتەوە و بەهۆیەوە تائێستا بەشی زۆرینەی دانیشتوانەكەی لە كەمپەكانی پارێزگای دهۆك بە ئاوارەیی ماونەتەوە.

بەپێی دوایین ئامار كە دوێنێ لەلایەن نوسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی بڵاوكرایەوە، “ژمارەی ئێزدییەکان لە عێراق 550 هەزار کەسن، ژمارەی ئەو ئێزدییانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارەبوون 360 هەزار کەسن، ژمارەی ئەوانەشی تائێستا گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان 150 هەزار ئێزدین”.

بەپێی ئامارەکە ژمارەی ئێزدییە شەهیدبووەکانی شەڕی داعش هەزار و 293 کەسبوون، ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شەنگال کە تائێستا دۆزراونەتەوە 82 گۆڕی بەکۆمەڵن، ئەو ئێزدییانەشی کە کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات 100 هەزار ئێزدین.

نوسینگەکە ئاماژەی بەوەکردووە، “ژمارەی ئەو مەزارگە و شوێنە دینییانەی لەلایەن داعشەوە تەقێنراونەتەوە 68 شوێنن”، ڕاشیگەیاندووە، ژمارەی ڕفێنراوەکان شەش هەزار و 417 ئێزدین، لەوانە سێ هەزار و 548یان مێ و دوو هەزار و 869یان نێرن.

لە ئامارەکەدا هاتووە، “کۆی ئەو ڕفێنراوانەی ڕزگارکراون سێ هەزار و 550 کەسن، هەزار و 206یان ژن و 339یان پیاون، هەروەها هەروەها هەزار و 94یان منداڵی کچ و 956یان منداڵی کوڕن”.

ژمارەی ئەو ئێزدییە ڕفێندراوانەی لەلایەن داعشەوە شەهیدکراون و تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە، 104 ڕفێندراون.

ڕێككەوتنی ئاساییكردنەوە

لە 9ی تشرینی یەكەمی 2020 هەولێر و بەغداد لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال ڕێككەوتن، بەپێی ناوەڕۆكەكەی لەڕووی ئیداری، ئەمنی، ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزارییەوە هەماهەنگی لەنێوان هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكرێت.

ڕێكەوتنەكە بەجۆرێكە كە بەغداد بەهەماهەنگی لەگەڵ هەولێر دۆسیەی ئاسایشی شەنگال بەڕێوەدەبات، لەگەڵ هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانەكەی و كارئاسانی بۆیان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە پێویستەكان.

بەڵام ڕەخنەی ئەوەش گیرا، كە ئامانجی سەرەكی لە ڕێككەوتنەكە دوورخستنەوەی چەكدارانی پەكەكە و كۆتایی هێنانە بە دەسەڵاتی گەریلا لەو ناوچانە و، بڵاوەپێكردنی هێزەكانی عێراق لە ڕێگەی سوپا و پۆلیسی فیدراڵیی عێراق، ئەمە جگە لە دوورخستنەوەی ئەو گروپانەی ئێزدییەكان كە لە پەكەكەوە نزیكن، سەرەڕای ئەوەی خەڵكی ناوچەكەن.

جگە لەوەی ستراتیژی ناوچەكە و بوونی وەك خاڵی بەیەكگەیاندنی باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان بووەتە جێ سەرنج و چاوی توركیای لەسەرە و هەمیشە لەلایەن بەرپرسانی ئەنقەرەوە ویستی هێرش و هەڵكوتانەسەر شەنگال دووبارە دەكرێتەوە.

جینۆساید

لە ئابی 2019، پەرلەمانی کوردستان لە كۆبوونەوەیەكی نائاساییدا ڕۆژی 3ی ئابی وەک ڕۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دیاریکرد.

لە 1ی ئازاری ئەمساڵیشدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژەیاسای ژنە ئێزدییە ڕزگاربووەکانی دەستی داعشی پەسەندکرد و دواتریش سەرۆک کۆماری عێراق یاساکەی پەسەندکرد،. ئامانج لە یاساكە قەرەبووکردنەوەیانە بە پێدانی مووچەی مانگانە و پارچە زەوییەک یان یەکەیەکی نیشتەجێبوون.

پرسیارەكە ئەوەیە ڕێككەوتن و بڕیارەكانی بەجینۆساید ناساندن تا چەند دەتوانن دۆخی هاوڵاتییانی ئێزدی ئاسایی بكەنەوە و ژیانی سروشتی هاوشێوەی بەر لە ڕووداوەكانی ئابی 2014 دەستپێبكەنەوە؟

بابەتی پێشتر

ئەمریكا 24 دیپلۆماتكاری دیكەی ڕوسی دەردەكات

بابەتی دواتر

مەسرور بارزانی: جەخت لە گرنگی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شەنگال دەکەینەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەڵگەکانی بەکارهێنانی کیمیایی لەلایەن توركیاوە ڕەوانەی ناوەندە جیهانییەكان دەكرێت

ئەو بەڵگانەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن هێزەكانی توركیاوە دەسەلمێنن، لەلایەن ‏كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستانەوە ڕەوانەی ناوەندە جیهانییەكان دەكرێن.‏ زەینەب…
Total
0
Share