فیدراسیۆنی پەنابەران: لەماوەی سێ ڕۆژدا 30 کۆچبەر لە ئاوەکانی یۆنان خنکاون

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەران ژمارەی قوربانییان و ڕزگارکراوان، هەروەها ‏بێسەروشوێنبووانی نوقبوومی بەلەمەكانی کۆچبەرانی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ‏بڵاوکردەوە، کە دوایینیان دوێنێ 25ی کانونی یەکەم ڕوویدا و تێیدا 16 کۆچبەر خنکاون. ‏

هیوا خدر، ئەندامی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەران ڕایگەیاند، دوێنێ شەممە 25ی ‏کانونی یەکەم بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجە نوقمبوو، کە 80 کۆچبەری تێدابووە، ‏لەکۆی ئەو کۆچبەرانە 61 کەسیان ڕزگارکراون و 16یان گیانیان لەدەستداوە.‏

ئەندامەكەی فیدراسیۆنی پەنابەران ڕاشیگەیاندووە، لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی ‏نوقمبوونی بەلەمی کۆچبەرانەوە، بەلایەنی کەمەوە 30 کۆچبەر لە ئاوەکانی یۆنان گیانیان ‏لەدەستداوە.‏

تا ئێستا ناسنامەی قوربانییەكانی سێ بەلەمە نوقمبووەكەی چەند ڕۆژی ڕابردووی یۆنان ‏ئاشكرانەكراون.‏

بەپێی ئەو ئامارانەی ئەندامەكەی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەران بڵاویكردووەتەوە، لە ‏‏19ی کانونی دووەمی ئەمساڵەوە زیاتر لە 116 هەزار کۆچبەر لەڕێی دەریای سپی ‏ناوەڕاستەوە گەیشتوونەتە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا.‏

پێشتریش وەزارەتی گواستنەوەی تورکیا بڵاویكردبووەوە، تەنها لەماوەی سێ ڕۆژی ‏ڕابردوودا 160 کۆچبەر کە بەلەمەکانیان نوقمبووە، ڕزگارکراون، لەسەرتاسەری ‏ئەمساڵیشدا 29 هەزار کۆچبەر ڕزگارکراون.‏

بابەتی پێشتر

چەند زانیارییەك لەبارەی ئۆتۆمبێلە چاوەڕوانكراوەكەی ئەپڵ بڵاودەكرێتەوە

بابەتی دواتر

(NBA) واریەرز زنجیرەی بردنەوەکانی سەنزی ڕاگرت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share