لە دوێنێوە دابەشكردنی بەنزینی 800 دیناری لە هەولێر ڕاگیراوە، لە دهۆكیش دۆخەكە بەهەمانشێوەیە، بەڵام لە سلێمانی بەردەوامە.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا گواستیەوە، لە دوێنێوە لە هەولێر دابەشكردنی بەنزینی 800 دیناری ڕاگیراوە و بەنیازن ڕێكخستنەوەی بۆ بكرێت.
بەوتەی بەرپرسانی ناوخۆیی پارێزگاكە، دەیانەوێت بۆ لەمەودوا بەنزینە 800 دینارییەكە تەنها بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت بێت و بەنزینی 690 دیناریی عێراقیش بدرێتە ئۆتۆمبێلەكانی گواستنەوە.
لە دهۆكیش بەهەمانشێوە دابەشكردنی بەنزینە 800 دینارییەكە ڕاگیراوە و پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئیستا هۆكارەكەی لەزاری بەرپرسانی ناوخۆییەوە بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە ئەو بڕی بەنزینەی بۆ پارێزگاكە دابینكرابوو، دابەشكراوە و كۆتایی هاتووە.
بەرپرسە ناوخۆییەكانی دهۆك دەڵێن، هەفتەی داهاتوو بڕە بەنزینی دیكە دەگاتە پارێزگاكە، بەڵام عەبدولسەمەد تێلی سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك قسەی بۆ ئێستا كرد، بەدووری زانی هەفتەی داهاتووش بەنزین بۆ دهۆك دابینبكرێت.
پێویستە لەسەر ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی 800 دیناری دابەشدەكەن، پێش ئەوە پارە بدەن بە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم، بۆ ئەوەی بەنزینەكەیان بۆ دابین بكات.
تێلی وتی، تا ئێستا بەنزینخانەكانی دهۆك پارەی وەجبەی دووەمیان نەداوە بە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ ئەوەی بەنزینیان بۆ دابینبكات، بۆیە بەدووری زانی بەنزینەكە هەفتەی داهاتوو بگات.
لە سلێمانی دۆخەكە جیاوازە و دابەشكردنی بەنزینە 800 دینارییەكە تا ئێستا بەردەوامە، بەڵام ئەوەی جیاوازە، بەدەمەوەچوونی شۆفێرانە بۆ بەنزینەكە، كە وەك پێویست نییە و هۆكارەكەشی بۆ “خراپیی كوالێتی”ی بەنزینەكە دەگەڕێتەوە.