نوێنەری هەرێمی كوردستان لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەسەردانی شاندە سەربازییەكەی عێراق بۆ هەولێر باس لەسەرجەم ڕێككەوتنە سەربازییەكانی نێوان هەردوولا كراوە و ئاشكرایدەكات بەهیچ شێوەیەك باسلەوە نەكراوە حكومەتی عێراق دەستبەسەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمدا بگرێت.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی كوردستان لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەو شاندە سەربازییەكەی ئەمڕۆ یەكشەممە سەردانی هەولێری كرد باس لە دوو لیوا هاوبەشەكە نەكرا كە بڕیارە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا پێكبهێندرێت و ئەو دوو لیوایە سەرجەم كارەكانیان تەواوبووە و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی هەیە و تەنها ئەوە ماوە بودجەیان بۆ تەرخانبكرێت و دەستبەكاربن.
ئاشكرایكرد، لە سەردانی شاندەكە سەربازییەكەی عێراق بۆ هەرێم باس لەسەرجەم ڕێككەوتنە سەربازیی و ئەمنییەكانی نێوان هەردوولاكرا بەتایبەت چارەسەركردنی بۆشایی ئەمنی لە سنووری ناوچە دابڕێندراوەكاندا.
نوێنەری هەرێمی كوردستان لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكانی عێراق ڕەتیكردەوە شاندەكە باسی لە جوڵاندنی هێز بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان كردبێت و بەهیچ شێوەیەك ئەو پرسە لەگەڵ هەرێم باسی لێوەنەكراوە.