جیاوازیی مامەڵەكردن لەگەڵ توندوتیژیی خێزانی لە هەرێم و عێراق.. شێڵتەرەكان بە نموونە

چالاکوانانی عێراقی، یاسای پاراستن لە توندوتیژیی خێزانی لە عێراق بە باشترین هەنگاو دادەنێن بۆ پاراستنی ژن لە توندوتیژی، داواشدەکەن ژمارەی پەناگەکانی پاراستنی ژنان زیاتربکرێت بۆ پاراستنی ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

لە 4ی ئابی 2020دا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگیدا لەسەر ڕەشنووسی یاسای پاراستنی توندوتیژیی خێزانی، بەڵام تائێستا یاساکە لە چاوەڕوانیی پەسەندکردنێتی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.

لە عێراقدا تائێستا پێنج پەناگە هەن بۆ پاراستنی ئەو ژنانەی کە توندوتیژییان بەرامبەر کراوە، سێ لەوانە لە هەرێمی کوردستانن، یەکێک لە بەغداد و یەکێکیش لە پارێزگای ئەنبارە.

دایکی غادە (ناوێکی خوازراوە) بۆ یەکێک لەو ژنانەی بۆ پاراستنی خۆی و منداڵەکەی پەنای بۆ یەکێک لەو پەناگانە بردووە.

دایکی غادە دەڵێت، “من نەمدەزانی پەناگەی لەوشێوەیە بوونی هەیە تاوەکو لەڕێگەی ژمارەیەک چالاکوانەوە کە سەردانی ناوچەکەیان کردین زانیم”.

دایکی غادە بە پێگەی “ارفع صوتك”ی عێراقی ڕایگەیاندووە، لە پەناگەکە هۆشیاریی پێویست و ڕاوێژکاریی یاساییان پێدەدرێت بۆ هەڵگرتنی ئەو توندوتیژی و ستەمانەی بەرامبەریان کراون.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ڕێککەوتنی لەگەڵ باڵیۆزخانەی فەرەنسا و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە 27ی کانوونی دووەمی ڕابردوودا واژووکرد بۆ نۆژەنکردنەوەی پەناگەکان و دروستکردنی سێ پەناگەی دیکە لە بەسڕە، ئەنبار و نەینەوا.

ئەمەل ئەحمەد چالاکوانی بواری ژنان کە ساڵانێکە لەناو پەناگەکانی پاراستنی ژناندا کاردەکات ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بوونی پەناگەکان بۆ ژنان ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە هۆشیارکردنەوەی ژنان بەتایبەت لە ناوچە دوورە دەستەکان و ناساندنیان بە مافەکانیان و هاوکاریکردنیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

ئەو چالاکوانە قسەی بۆ “ارفع صوتك” كردووە و دەڵێت، “ناوەندەکانی پاراستنی ژنان و پەناگەکان پێشوازی لەو ژنانە دەکەن کە توندوتیژییان بەرامبەر کراوە، هەروەها لەڕووی دەروونی، کۆمەڵایەتی و یاساییشەوە پاڵپشتییان دەکات لەگەڵ ئەوەشدا هیچ هەنگاوێک بەبێ ڕەزامەندیی ژنەکان نانێت، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندییان ڕێکارە یاساییەکان دەستپێدەکەن و دۆسیەکەیان ڕەوانەی لایەنی پەیوەندیدار بەپێی کێشەکانیان دەکرێن.

دۆخەکە لە هەرێمی کوردستان جیاوازیی هەیە، پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2011دا یاسای ژمارە (8)ی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی خێزانی واژووکرد، تائێستاش سێ پەناگە “شێڵتەر” لە هەرێمی کوردستان کراونەتەوە لە هەریەکە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک.

پەناگەکانی هەرێمی کوردستان وەک شوێنێکی مانەوەی پارێزراون بۆ ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرامبەر کراوە، سەرباری خواردن، نووستن و چاودێریکردن و خزمەتگوزاریی پزیشکی و پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی و دەروونی و هۆشیارکردنەوەیان پێدەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا چارەسەری کێشەکانیان و گەڕاندنەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگا ئەرکی شێڵتەرەکانە.

ئالا یاسری چالاکوانێکی دیکەی مافەکانی ژنانە ڕایگەیاند، کۆمەڵگا شەڕی ئەو پەناگانە دەکات بەهۆی دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بۆیە دەرچوواندنی یاسایەکی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی ژنان بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژییەکان کارێکی پێویستە.

بابەتی پێشتر

کۆنتی هۆشداری بە سەرۆکی تۆتنهام دەدات: من ڕاهێنەرەکانی دیکە نیم

بابەتی دواتر

نەهامەتییەکانی منداڵانی جیهان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share