ئاوی ئاوەڕۆ دەتوانرێت بۆ كشتوكاڵ بەكاربهێنرێت؟

پسپۆرێكی كوالیتی خۆراك و تەندروستیی مرۆڤ ڕایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆلێرا لە سلێمانی و دەوروبەری كە چەند ڕۆژێكە باس لە ئاوی ئاوەڕۆ یان ئاوی قورس دەكرێت كە سەرچاوەیە بۆ بڵاوبوونەوەی پەتاكە و لێرەدا چەند پرسیارێك لەنێو ئەو پرسیارە جۆراوجۆرانەی كە تۆ و چەندەها كەسی دیكە بەردەوام دەیكەن كە ئایا ئاوی ئاوەڕۆ كە لە زێرابی ماڵانەوە كۆدەبێتەوە لە ناوچەی تانجەڕۆی سلێمانی تا چەند شیاوە بۆ ئاودانی ئەو سەوزانەی لەو ناوچەیە بەرهەمدەهێنرێن؟

د. عوسمان كەریم، پسپۆری كوالیتی خۆراك و تەندروستیی مرۆڤ ڕاگەیاند، ئەم بابەتە نوێ نییە بۆ لایەنە پەیوەندارەكانی كەرتی تەندروستی و كشتوكاڵ و بەكارهێنانی ئاوی ئاوەڕۆ لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان بەتایبەتی سەوزەكان، بەڵام بەداخەوە تێبینییەكان بە پێی پێویست بە هەند وەرنەگیراون و كاریان لەسەر نەكراوە.

باسی لەوەشكرد، ئاشكرایە كۆلێرا نەخۆشییەكی بەكتریایە كە یەكێك لە سەرچاوەكانی بڵاوبوونەوەی بە زۆری لە ڕێگەی ئاوی پیسەوە دەبێت و ئەگەر چارەسەر نەكرێت، لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا كوشندە دەبێت.

ئاشكرایكرد، پرسیارێك بەردەوام دێتە پێشەوە ئەوەیە ئایا دەتوانرێت ئاوی ئاوەڕۆ بۆ بواری كشتوكاڵی بەكاربهێنرێت و ساڵانێكە ئاوی ئاوەڕۆ سەلماندوویەتی سوودی بۆ ڕووەك و بەرهەمە كشتوكاڵییەكان هەیە، چونكە ماددە خۆراكییە ئۆرگانی و نائۆرگانیكەكانی تێدایە، بەتایبەتی نایترۆجین و فۆسفۆر كە زۆر گرنگن بۆ گەشەی ڕووەك، بەڵام توێژینەوە زانستییەكان ترسی خۆیان نەشاردۆتەوە لە بوونی كانزا قورسەكان، مایكرۆ ئۆرگانیزمەكانی وەكو بەكتریا و كۆمەڵێك سەرچاوەی پیسكەری دیكە لە ئاوی ئاوەڕۆكان كە كاریگەریان هەیە لەسەر تەندروستیی مرۆڤ، بۆیە باشترین ئامۆژگاری بریتیە لە پابەند بوون بە شۆردنەوەی سەوزەكان بە باشی پێش خواردنیان و چونكە بەكارهێنانی ئاوی ئاوەڕۆكان ترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكانی لێدەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئاوی ئاوەڕۆ ئەگەر پرۆسەی بە فیلتەركردنی بۆ بكرێت و پاكبكرێتەوە، دەتوانرێت بۆ ئاودێریی كشتوكاڵی بەكاربهێنرێت، بەڵام تێچووی زۆری پاككردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆ بۆ مەبەستی ئاودێری لە توانای جوتیارانی ئێمەدا نیيە، بۆیە پێوسیتە حكومەتی هەرێم چارەسەری ئاوی ئاوەڕۆی ماڵان بكات لە هەموو شارەكانی كوردستاندا پێش ئەوەی بگات بە دەستی جوتیاران، نەك تێكدانی كیڵگەكانیان بە شۆفڵ، بۆ ئەوەی بتوانین سوودێكی باش لە ئاوی ئاوەڕۆ وەربگرین و بتوانین بەكاریبهێنین بۆ بەرهەم كشتوكاڵییەكان بەشێوەیەك كە كۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكان بكرێت و كاریگەری نەبێت بۆ سەر تەندروستیی هاونیشتمانیان، هەروەكو چۆن پاككردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆ بە شێوەیەكی مۆدێرن هۆكاری نەمانی پەتای كۆلێرایە لە وڵاتانی پێشكەوتوودا.

بابەتی پێشتر

كازمی یەكەم دەمانچەی بابلی وەرگرت

بابەتی دواتر

ڕوفاتی سەربازێك و چەندین پارچەی شوێنەواری لە نەینەوا دۆزرانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هاتوچۆی سلێمانی: ئامێرەکانی پشکنینی مەینۆشی لە مەفرەزەکانمان نەکشێنراونەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە ئامێرەکانی پشکنینی مەینۆشی لە مەفرەزەکانی هاتوچۆ کشێنراونەتەوە، رایگەیاندووە، ئەگەر ئامێرەکانیش لەکاربکەون…
Total
0
Share