سلێمانی.. لە شەش ڕۆژدا چوار هەزار تووشبووی سکچوون و ڕشانەوە داخڵی نەخۆشخانە کراون

 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی سکچوون و ڕشانەوە ڕایگەیاند، ئەوانەی لە نەخۆشخانەکانن چارەسەریان بۆدەکرێت، تەنها لە شەش ڕۆژی ڕابردووشدا چوار هەزار تووشبوو داخڵکراون.

دکتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک ڕایگەیاند، “لەماوەی 6 ڕۆژی ڕابردوودا نزیكەی 4 هەزار حاڵەتی توشبوون بەنەخۆشیی سكچون و ڕشانەوە لەنەخۆشخانەكانی سلێمانی داخڵكراون”.

لەبارەی دۆخی تەندروستییانەوە بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، “حاڵەتی قورسیشیان تێدایە، بەڵام خۆشبەختانە لەنەخۆشخانەكان چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە”.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی وتی، “ڕێکار و ئامادەکارییەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە دەستپێکردووە”.

ئێوارەی هەمان ڕۆژ لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی داخستنی نۆ شەمعەی ئاوی تەنکەریان ڕاگەیاند، کە سەرچاوەی ئاوی ئەو تەنکەرانەبوون ئاوی ماڵانیان دەفرۆشت.

لەلایەکی دیکەوە دکتۆر سەباح نیگەرانیی لە مەترسییەکانی ئەگەری کۆلێرا خستەڕوو، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەک نمونەیان لە نەخۆشەکان ناردووە بۆ تاقیگەکانی بەغداد تاوەکو دڵنیاببنەوە لەوەی نەخۆشییەکە کۆلێرایە یاخود نا.

دوێنێ شەممە دکتۆر پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا منداڵێکی سێ بۆ چوار ساڵ بە سکچوون و ڕشانەوە گیانیلەدەستداوە.

بەپێی وتەی دکتۆر پشدەر، ژمارەیەکی زۆر لەو منداڵانەی داخڵکراون دۆخیان سەختە بەڵام لەژێر چاودێری و چارەسەردان.

بابەتی پێشتر

وەزیری سامانە سروشتیەكان: لە یەک هەفتەدا سێ ملیۆن لیتر بەنزین دەخرێتە بازاڕەوە

بابەتی دواتر

لە سلێمانی کەسێک بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە ژنان دەستگیرکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share