فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر هێرشەكەی توركیا هاتەدەنگ و جەختدەكەنەوە، “پێشێلكردنی سەروەریی خاك و ئاسمانی عێراق لە لایەن توركیاوە قبوڵكراو نییە”.
فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویانكردەوە، ئەم ڕەفتارە قێزەونانەی توركیا بووەتە بارگرانی لەسەر وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی و ئێمە لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەتوندی سەركۆنەی دەكەین.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، “دیارە توركیا لە سۆنگەی هزری دژایەتیكردنی دراوسێیەكانی و بۆ جێبەجێكردنی پیلانەكانی هەر ڕۆژە و كوچێكی ئەم وڵاتە دەكاتە ئامانج، دوێنی لە شەنگال و ئەمڕۆ لەكەلار كۆمەڵێك خەڵكی سڤیل و بێتاوانی بە ناهەق شەهید كرد”.
هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، “ئێمە لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە هەمیشە جەختمان لەسەر پاراستنی سەروەریی خاك و ئاسمان دەوڵەت و هاوڵاتییانی عێراق كردووەتەوە، لە هەمانكاتدا داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین ئەركە نیشتیمانییەكەی بەجێبگەیەنێت و سەروەریی دەوڵەت و گیان و موڵكی هاوڵاتییانی خۆی بپارێزێت و سنوورێك بۆ ئەم كردەوە دوژمنكارییانەی دەوڵەتی تورك دابنێت”.