تەندروستیی عێراق: لەو ڤاكسینەی دەستی دەخەین پشكی هەرێمی تێدایە

وەزیری تەندروستیی عێراق

وەزیری تەندروستیی عێراق ئاشكرایكرد، عێراق لە یەكەمەكانی ئەو وڵاتانە دەبێت كە ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا دەستدەخات و پشكی هەرێمیشی تێدا دەبێت.

دكتۆر حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستیی عێراق لە لێدوانێكی تایبەتیدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “هەر لەسەرەتای قسەكردن لەسەر گەشەپێدانی ڤاكسین، عێراق چووە ناو گفتوگۆیەكی دوورودرێژەوە لەگەڵ كۆمپانیاكان و وڵاتانی بەرهەمهێنی ئەو ڤاكسینە، یەكێتیی گاڤیش بە بەشداری ئەو كۆمپانیایانە دامەزراوە، عێراق یەكەمی ئەو وڵاتانە بوو كە چووە ناو ڕێككەوتن لەگەڵ ئەو یەكێتییە، هەروەها عێراق 20%ی ژمارەی دانیشتووانی لەو ڤاكسینە دەستەبەر كردووە، كە 8 ملیۆن دۆز دەكات، بە یەكسانی دابەش دەكرێت بەسەر پارێزگاكاندا بە هەرێمی كوردستانیشەوە”.

وەزیری تەندروستیی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، “ئەو چینانەش دیاریدەكرێن كە سەرەتا ڤاسینەكەیان بۆ بەكاردەهێندرێت، ئەوانەی تەمەنیان لەسەروی 50 ساڵەوەیە كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان و كارمەندانی وەزارەتی تەندروستی هەروەها هەموو ئەو كەسانەش كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وەری دەگرن”.

“عێراق ئێستا ئامادەیە بۆ وەرگرتنی ئەم  ڤاكسینە لەڕێی ئامادەكردنی كۆگا و ساردكەرەوەی تایبەت بۆ هەڵگرتنی، بەڵام دەزانن كە تا ئێستا ئەم ڤاكسینە لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانییەوە بڕیاری لەسەر نەدراوە و تا ئێستا ڕەزامەندی لەسەر نەدراوە، لە ئەگەری بڕیاردانی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، عێراق بە نزیكی یەكەم وڵات دەبێت كە ئەم ڤاكسینە وەردەگرێت، پارەی پێویستیش بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەكرێت پاش بڕیاری لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانی”، وەك دكتۆر حەسەن تەمیمی ڕایگەیاند.

لەبارەی ڕەوشی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، وەزیری تەندروستیی عێراق وتی، “ئێمە ڕۆژانە لە پەیوەندیداین لەگەڵ برایانمان لە هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی، تێبینیمان كردووە كە زۆرترین ژمارەی مردن بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستانە بەداخەوە، تێبینی ئەوەمان كردووە كە هاوڵاتییان پابەندی ڕێنماییەكانی تەندروستی نابن كە ئەوەش بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی توشبوون بە كۆرۆنا، چونكە لە پێشدا ژمارەی توشبوون كەمبوو”.

 

تەواوی چاوپێكەوتنی وەزیری تەندروستیی عێراق ببینە..

بابەتی پێشتر

نرخی ڤاكسینە ڕوسییەكە لە خوار 10 دۆلارەوەیە

بابەتی دواتر

محەمەد حەلبوسی لیژنەیەكی تایبەت بە كێشەكانی هەولێر و بەغداد پێكهێنا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share