سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، نابێت ھێرشەکەی تورکیا بۆ سەر ناحیەی سنونێی سەر بە قەزای شەنگال بەبێ وەڵام تێپەڕێت.
خالید عوبێدی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی هێرشەكەی توركیا ڕایگەیاندووە،ھێرشەکەی دوێنێی تورکیا بۆ سەر ناوەندێکی ئەمنی لە ناحیەی سنونێی سەر بە قەزای شەنگال پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراقە و ئەم کارە دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی بەھای دەوڵەت و لاوازبوونی لەبەرچاوی گەلدا.
جەختی لەوەشكردووەتەوە، پێویستە ئەم ھێرشەی توركیا بێوەڵام نەبێت و سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانەی ئەو وڵاتە دابنرێت كە بەردەوامە لە كردنە ئامانجی هاوڵاتییان و پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراق.