ئیمارات هێرشەكەی چوارشەممەی ڕابردووی سەر هەولێر ئیدانە دەكات و دەڵێت، پێشێلكارییەكی ئاشكرایە.
وەزارەتی دەرەوە و هاوكاریی نێودەوڵەتیی ئیمارات، هێرشەكەی چوارشەممەی ڕابردووی سەر هەولێر كە لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە ئەنجامدرا، “بە توندی ئیدانە دەكات و ڕەتیدەكاتەوە”، وەك ڕۆژنامەی “خەلیج” بڵاویكردەوە.
بەپێی ڕۆژنامەكە، وەزارەتی دەرەوە و هاوكاریی نێودەوڵەتیی ئیمارات ڕایگەیاندووە، “بە توندی هێرشەكە ئیدانە دەكەین و ڕەتیدەكەینەوە، ئەم هێرشانە ئامانجیان تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی عێراقی برا-یە و پێشێلكارییەكی ئاشكرای بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتیین”.
ئیمارات پشتیوانیی خۆی دەربڕیوە بۆ هەموو ئەو ڕێكارانەی عێراق دەیانگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیرییەكەی و جەختدەكاتەوە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هاوهەڵوێستی عێراق دەبێت، وەك ڕۆژنامەی خەلیج لە وەزارەتەكەی ئیماراتەوە گواستییەوە.