سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، تائێستا بژاردەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەكە نەخراوەتەوە.
محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، دەستلەكاركێشانەوەی فراكسیۆنی سەدر كاریگەریی سیاسی دەبێت. وتیشی، “بوونی فراكسیۆنی سەدر گرنگە لە پڕۆسەی سیاسیدا”.
حەلبوسی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ عەبدولكەریم دەغمی-ی هاوتا ئوردونییەكەی لە عەممان-ی پایتەختی ئەو وڵاتە وتیشی، “ڕێوشوێنە یاساییەكانی پاش دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر بەپێی یاسای هەڵبژاردن و ڕێوشوێنەكانی كاری پەرلەمانتاری دەبێت، جێگرەوەكە خاوەن زۆرترین دەنگی هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن دەبێت”.
“تێڕوانینی جیاواز لە ئارادان، هەندێك بەدوای سازانی سیاسی دەگەڕێن، هەندێك دەربارەی زۆرینە و ئۆپۆزسیۆن، بەڵام دوای دەستلەكاركێشانەوەی فراكسیۆنی سەدر، كاروبارەكان بەشێوەیەكی دیكە دەڕۆن بەڕێوە”، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران وای وت.
سەرباەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و هەڵبژاردنی پێشوەختەش حەلبووسی وتی، “ئەو بژاردەیە بژاردەیەكی دەستوورییە، هەڵبژاردنی پێشووش پێشوەختە و بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بوو، بەڵام تائێستا ئەو بژاردەیە نەخراوەتەڕوو”.
دووپاتیشیكردەوە، هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكەكە كە هێزە سیاسییەكان ئەرك و بەرپرسیارێتییەكەی هەڵبگرن و، هەڵسەنگاندیشی لەبەردەم گەلدا دەبێت.