جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی: بەرەو دۆخێكی ئابوریی زۆر خراپ دەچین

جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان هۆشداری دەدات و دەڵێت، سێ خاڵی سەرەکی هەن ئەگەر چارەسەریان نەکەین، بەرەو دۆخێکی ئابوریی زۆر خراپ دەچین.

سێ خاڵەكە بریتین لە ئاسایشی خۆراک، هەڵاوسان و گۆڕانی کەشوهەوا، وەك ئەوەی هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لە وتارێكدا ئاماژەی پێداوە

دەشڵێت، وەزیری بازرگانی لە وەڵامێكدا ڕوونیكردووەتەوە كە هەرێمی كوردستان بەڕێژەی 10% پشت بەخۆی دەبەستێت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت.، دابینکردنی 90٪ی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە، پێمان دەڵێت هەرێمی کوردستان لە بابەتی پڕۆژەی نیشتەجێبوون و بەرزکردنەوەی تاوەرەکانی نیشتەجێبوون و مۆڵەکان کە جگە لەوەی پارەی وشک لە ڕێگەی ئەو پڕۆژانەوە دەچێتە دەرەوە، ئەوەندە بیر لە دروستکردنی بناخەیەکی بەهێزی کشتوکاڵی و پێشەسازی وەک پێویست نەکراوەتەوە.

پێشیوایە دەبێت حکومەت بە هەموو توانای دەستبەکاربکات و بازاڕ کۆنتڕۆڵ بکات، هەڵاوسان لە مانگی نیسانی 2022 زیاتر لە 7٪ بووە، دەبێ ڕێگەی زانستیی ئابوری بگرێتەبەر بۆ ئەوەی هاونیشتمانی توانای کڕینی هەبێت ئەگەرنا کاتێک هەڵاوسان هەبێت و بازاڕ لاوازبێت، بەرهەمهێنانیش کەم دەبێت، کە بەرهەمهێنان کەم بوو، دەرکردنی کرێکار و کارمەند لە کارگەکان زۆر دەبێت و بێکاری دروست دەبێت.

سەبارەت بە گۆڕانی ئاووهەواش كە بە بڕوای هێڤیدار ئەحمەد “هەموو جیهان لێیدەترسێت و لای ئێمە هەر باس نییە” دەڵێت، بەهۆی کەمی باران، کانیاوەکان وشک دەبن “ئاوی ژێر زەوی هیچ جارێ لە مێژووی کوردستاندا هێندەی ئێستا ئاستەکەی دانەبەزیوە”، لە قوشتەپە و بەحرکە لە هەولێر بۆ لێدانی بیری ئاو قووڵایی هەڵکۆڵین گەیشتووەتە 700 مەتر، لەكاتێكدا لە ساڵی 1989دا لە هەولێر بە 80 مەتر بیری ئاو لێدەدرا.

لە زاری شارەزایەكی بواری ئاویشەوە دەڵێت، نزیکەی 65٪ی ئاوی سەر زەوی لە هەرێمی کوردستان بەفیڕۆدەڕوات و سوودی لێوەرناگرین. لەم قەیرانە ئاوییەدا، لەم هەموو زانیاریانەی لەبەردەستی حکومەتن کە ئاوی ژێر زەوی وا کەم دەبێت، تازە بە تازە پلان هەیە بۆ پارێزگای هەولێر لە 2022دا زیاتر لە 135 بیری ئاو لێبدرێت، کەچی ئاوی زێ وا لە تەنیشت هەولێرەوە دەڕوات.

باوەڕی خۆیشی نیشاندەدات بەوەی ئەنجامی ئەو ڕووداوانە دەبنە هۆی (کۆچکردن، لەناوچوونی بەرهەمەکانی خۆراک، گرانبوونی بەرهەمەکانی خۆراک، برسێتی، خراپی کوالێتی خۆراک، کەمبوونی ئاوی خواردنەوە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کوشندە وەک مەلارییا و زیادبوونی شێرپەنجە).

لە كۆتاییشدا دووپاتیدەكاتەوە، دەبێ هەرچی زووە و بەبێ ئەوەی حکومەت یەک ڕۆژ دوابکەوێت کێشەی ئاو چارەسەربکات، تەنانەت ئەگەر لە ڕێگەی کەرتی تایبەتیشەوە بێت بە پێدانی ئیمتیازی تایبەت ئاو بۆ ناو شارەکان ڕابکێشێت.

بابەتی پێشتر

پلانەكانی ئەم وەرزەی بەرشلۆنە چین؟

بابەتی دواتر

حكومەتی هەرێم لە دادگای هەولێر سكاڵایەك دژی وەزارەتی نەوتی عێراق تۆماردەكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دۆلار بەرزبووەوە

نرخی دراوەكان بۆ ئەمڕۆ شەممە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوکرانەوە، نرخی دۆلار بەراورد بە داخستنی بازاڕ لە ڕۆژی…
Total
0
Share