سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕوونكردنەوە لەبارەی تەواوكردن و دابەشكردنی یەكە نیشتەجێبوونە تەواونەكراوەكان بەسەر كرێنشینان دەدات و دەڵێت، “پێشنیازێك بۆ ئێمە كراوە بە پێشەكی بدرێتە كرێنشینان و ڕەزامەند نەبووین”.
ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، نزیكەی پێنج هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە پارێزگاكانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەرین هەن كە بەشێكی زۆری كارەكانیان تەواوكراون و تەنها پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیان ماوە جێبەجێبكرێن.
ئاشكرایكرد، ” پێشنیازكراوە ئەو یەكانە بە پێشەكی 15 ملیۆن دینار تاوەكو 30 ملیۆن دینار بدرێتە كرێنیشیان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی پێتەواوبكرێن، بەڵام ئێمە بەو پێشنیازە ڕەزامەند نەبووین و داوامانكردووە بەبێ پێشەكی بدرێتە كرێنشینان”.
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەشكرد، ئەو یەكە نیشتەجێبوونانە تەواوكراون و تەنها ئەوە ماوە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیان بۆ دابینبكرێت كە لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە زڕگوێز و سیتەك و چەند ناوچەیەكی دیكە یەكەكان دروستكراون.