شرۆڤەكارێكی سویدی: تاکە سەرکەوتن ئامینە کاکەباوە بەدەستیهێناوە

فرێدریک فورتێنباخ و ئامینە كاكەباوە

دوای ئەوەی لەبەرامبەر بەڵێنی پاڵپشتیی كورد بووە ڕێگر لەبەردەم هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی سویددا، شرۆڤەكارێكی ئەو وڵاتە دەڵێت، ئامینە كاكەباوە تاکە براوەی دەنگدانەکەی دوێنێ بوو.

ئامینە كاكەباوە پەرلەمانتاری بەڕەگەز كورد دوێنێ لە پەرلەمانی سوید ڕێگەینەدا متمانە لە مۆرگان یۆهانسۆن وەزیری داد و ناوخۆ وەربگیرێتەوە، كە پرسەكە بە هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی سویدەوە گرێدرابوو.

فرێدریک فورتێنباخ شرۆڤەکاری سیاسیی ڕادیۆی سوید ڕایگەیاند، له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا بایه‌خێكی زۆر به‌ ئامینە كاكه‌باوه‌ دراوه‌، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گرنگییه‌كی زۆر به‌ كه‌سێك دراوه‌ كه‌ توركیا لێی بێزاره‌. ئەمەش لە دۆخێکی وەها هەستیاردا ڕوودەدات کە تورکیا ڕەخنە لە سوید دەگرێت و ڕێگری لە بەئەندامبوونی لە ناتۆدا دەكات.

وتیشی، “تاکە سەرکەوتن ئامینە کاکەباوە بەدەستیهێناوە”، چونکە لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا بەسەدان لێدوانی لەگەڵ ڕۆژنامەوانانی سویدی و نێودەوڵەتی ئەنجامداوە.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا، بە مەرجی پشتیوانیكردن لە دۆزی كورد بە تایبەت ڕۆژئاوای كوردستان، ئامینە كاكەباوە وەك دەنگی یەكلاییكەرەوە دەنگی بە كابینەی سۆسیال دیموكراتەكانی سوید دا و توانیان حكومەت دروستبكەن، لە بەرامبەردا چەپەکان بوون بە ئۆپۆزسیۆن.

دوای ساڵێك لە پێكهێنانی حكومەتی سوید لەلایەن سۆسیال دیموكراتەكانەوە، پرسی بە ئەندامبوونی وڵاتەكە لە ڕێكخراوی ناتۆدا هاتە ئاراوە، توركیا كە ئەندامی ناتۆیە، لە بەرامبەر ڕازی بوونیدا بۆ بەئەندامبوونی سوید، چەند داوایەكی خستە بەردەم حكومەتی ئەو وڵاتە، لەوانە بە “تیرۆرست” ناساندنی یەپەگە و یەپەژە و بڕینی هاوكارییەكان بۆ ڕۆژئاوا و فرۆشتنی چەك بە توركیا.

ئامینە كاكەباوە لەسەر ئەو پرسە هەڵوێستی وەرگرت و هەڕەشەی ئەوەی كرد، لە دانیشتنی پەرلەمانی سوید-دا دەنگدەدات بە متمانە وەرگرتنەوە لە وەزیری داد كە پرۆژەكە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە پێشكەشكرابوو.

حكومەتی سوید لە بەرامبەر هەڵنەوەشاندنەوەیدا ناچاربوو مل بۆ داواكارییەكانی ئامینە كاكەباوە بدات، بۆیە لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی سویددا ئامینە كاكەباوە دەنگی نەدا بە وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیری داد.

لە وتارێكدا ئامینە كاكەباوە كە لە دانیشتنی پەرلەماندا پێشكەشیكرد وتی، “چۆن ئەردۆغان لەوسەری دنیاوە دێت سوید بەڕێوەدەبات و كورد بە كیمیایی دەكوژێت؟”.

لای خۆیەوە ماگدالینا ئەندەرسۆن سەرۆك وەزیرانی سوید لە وتارێكدا وتی، گۆڕانكاری لە سیاسەتماندا دەكەین بەرامبەر بە توركیا.

ئامینە كاكە باوە، لە گوندی تورجانی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایكبووە، لە تەمەنی 14 ساڵیدا بووە بە پێشمەرگەی کۆمەڵە، لە ساڵی 1992ەوە لەسوید دەژی، 17 ساڵە کاردەکات لەناو پارتی چەپی سوید و دوو خولە ئەندامی پەرلەمانی سویدە.

بابەتی پێشتر

تەندروستیی هەرێم لەسەر بوونی تووشبووی ئەیدز لە هەولێر ڕوونكردنەوە دەدات

بابەتی دواتر

"تەقینەوەیەكی بەهێز لە هەولێر ڕوویدا"

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share