سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی: لەسەر هەڵبژاردن و كۆمسیۆن لەگەڵ پارتیدا خاڵی كۆك و ناكۆكمان هەیە

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت، لەگەڵ پارتیدا دەربارەی پرسەكانی هەڵبژاردن و كۆمسیۆن خاڵی كۆك و ناكۆكمان هەیە و دەشڵێت، تائێستا وەك یەكێتی چاوەڕێین هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بكرێت.

دوێنێ یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر دەربارەی پرسی ده‌ستوور، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بەڕێوەچوو.

زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی لیژنەكە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، دوای ئاسایبوونەوەی بارودۆخی نێوان یەكێتی و پارتی، دوو لیژنە پێكهێنراوە كە یەكێكیان بۆ پرسی یاسای هەڵبژاردن، پێكهێنانەوەی كۆمسیۆن و نوسینەوەی دەستوورە، ئەو پرسانەی وەك یەكێتی پێیانوایە ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە و پێویستیان بەوەیە سازانی نیشتمانییان لەسەر بكرێت.

وتیشی، “دوێنێ یەكەم دانیشتن ئەنجامدرا، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە و هەمیشە دووپاتیدەكەینەوە ئەو پرسانەی ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە، هەموو ئەو هێزە سیاسییانەی نوێنەرایەتییان هەیە لە پەرلەمانی كوردستان بەیەكەوە لەسەری بسازێین”.

“لە چێوەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكاندا بڕیاردرا ئیشوكارە پیشەییەكانی پەرلەمانی كوردستان و دانیشتنەكان دەستپێبكەنەوە” زیاد جەبار وای وت، ڕوونیشیكردەوە، لە دەرەوەی ئەمەش داواكرا فراكسیۆنەكان و هێزە سیاسییەكان هەوڵبدەن بۆ لەیەكتر نزیكبوونەوە و لەیەكگەیشتن بۆ ئەوەی بتوانن یاساكە لەكاتی خۆیدا هەمواربكەنەوە و كۆمسیۆن بخەنەوەكار تا ئیشبكرێت لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت.

دەربارەی ئەنجامی كۆبوونەوەكەش سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی وتی، “خاڵی جیاوازمان هەیە و خاڵی پێكەوەیشمان هەیە” بۆیە بڕیاریانداوە كۆبوونەوەكان بەردەوامبن.

سەبارەت بەوەی ئایا هیچ ڕێككەوتنێك لەنێوان هەردوولادا هاتووەدا ئاراوە ئاماژەی بەوەكرد كە لە گفتوگۆدان و بگەنە هەر ڕێككەوتنێك لەسەر هەر پرسێك بۆ میدیاكان و ڕای گشتی دەخەنەڕوو.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی دووپاتیشیكردەوە، تائێستا هیچ كەس و لایەنێك باسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی نەكردووە و وتی، “تائێستا ئێمە لە یەكێتی چاوەڕێین هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت”.

لە ڕاگەیەندراوی هاوبەشی كۆبوونەوەكەدا هاتووە، هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر پێویستیی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێویسته‌ ده‌ست به‌ ئاماده‌كاری یاسایی بكرێت.

دەشڵێت، پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، وه‌ك دوو پرسی گرنگی نیشتمانی پێویستیان به‌ گفتوگۆی زیاتر و سازانی سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتنێكی گشتگیر.

بابەتی پێشتر

پەرلەمان داوا لە وەزیری خوێندنی باڵا دەكات ئەمساڵ بە "دەرچوون" ئەژماربكرێت

بابەتی دواتر

"دۆدۆ" دەبێتە ئالڤێسی نوێ بۆ بەرشلۆنە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share