وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێم ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی دراما توركییەكە بڵاوكردەوە كە سووكایەتی بە هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی دەكات و جەختدەكاتەوە كە دراماكە دوورە لە بەهای هونەریی كە لە بنەڕەتەوە هونەر پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و قبووڵكردنی جیاوازییەكانی پێیە، نەك ڕەگەزپەرستی و سڕینەوەی بەرامبەر.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێم تێیدا هاتووە، زنجیرە درامای “گورگی تەنیا” لە كەناڵی (atv) توركی بەخشكراوە و ئەم درامایە بەرهەمی كۆمپانیاكانی (توركواز میدیا)ی نزیك لە حكومەتی توركیایە، (عوسمان سناڤ) بەرهەمهێن و (جاغاتای تۆسۆن) دەرهێنەری دراماكەیە، (عەلی ئالپەر و موراد كوچا) سیناریۆكەیان ئامادەكردووە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، “(گورگی تەنیا) باس لە مێژووی توركیا و شەڕی نێوان توركیا و پەكەكە دەكات، هەروەها باسی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و ڕۆڵی ئەمریكا دەكات، لە چەندین ئەڵقەیدا بە نەفەسێكی دوژمنكارانە باسی كورد و هەرێمی كوردستان دەكات و هەموو كارتەكان تێكەڵدەكات تا ڕادەی تێكەڵكردن لەگەڵ داعشی تیرۆریستدا، بۆ نموونە لە ئەڵقەی (19 ) كە 3ی ئەم مانگە پەخشكراوە.
وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێم دەڵێت، “لە دیمەنێكدا كە باسی دادگاییكردنی توركێكە لە دادگایەكی هەرێمی كوردستان، لە دادگاكەدا ئاڵای كوردستان و وێنەی مەسعود بارزانی دانراوە، سووكایەتی بە خەبات و هێماكانی گەلی كورد دەكات و حكومەتی هەرێم بە ناشەرعی لە قەڵەمدەدات و دەڵێت، جوگرافیایەك بەناوی كوردستانەوە نییە و موسڵ و كەركوك دوو شاری توركمانین و گەورەترین شەقامی هەولێریش ناوی (موزەفەرەدین گۆكبۆرو)ە، وەك ئاماژەیەك كە هەولێریش شارێكی توركمانییە”.
ئاماژە بەوەشكراوە، “هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستوورییە لە عێراقدا، خاكی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییە، كونسوڵخانەی گشتیی توركیا لە هەرێمی كوردستانە، سەدان هاوڵاتی و كۆمپانیای توركیا لە هەرێمی كوردستاندا كاردەكەن و بەرژەوەندیی هاوبەش و هاوسێیەتی كۆیاندەكاتەوە لەگەڵ هاوڵاتییانی كوردستاندا بە كورد و توركمان و سریان و عەرەبەوە لە هەموو ئایین و ئایینزاكان.
وەزارەتی ڕۆشنبیری باسی لەوەشكردووە، “لە كاتێكدا ئێمە بڕوای تەواومان بەوەیە كە پێویستە هەمووان ڕێز لە جیاوازییەكان بگرین و وەك دوو دراوسێ، برایانە پێكەوەبژین، هاوكات ئومێدەوارین حكومەتی توركیاش ڕێگە لەو هەڵمەتی چەواشەكارییە بگرێت كە لەلایەن هەندێك خەڵكی قین لە دڵ و نەژادپەرستەوە دەدرێت بۆ ئاڵۆزكردنی پەیوەندیی نێوان گەلان”.
هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، “ئێمە دەزانین ئەو درامایە و دراما هاوشێوەكانی كە پێشتریش بەرهەمهاتوون بۆ ڕازیكردنی توێژێكی بیرتەسكن و جگە لە زیانگەیاندن بە بەهاكانی هاوسێیەتی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش و بنەما مرۆیی و نێودەوڵەتییەكانی پەیوەندیی نێوان گەلان، هیچی تریان لێبەرهەم نایەت، لێرەوە ناڕەزایەتی خۆمان دەگەیەنینە دەزگای بەرهەمهێنەر و (atv) و تەواوی ئەو ستافە، لە بەرامبەر ئەو سووكایەتییە و بڵاوكردنەوەی تۆوی شۆفێنیزم و بە كەم سەیركردنی بەرامبەرەكانیان”.