سەرپەرشتیاری پڕۆژەی دەستووری تونس دەڵێت، ڕەشنوسەكەی دەخاتە بەردەم سەرۆكی وڵات و ناوەرۆكەكەی بڕگەی “ئیسلام ئاینی دەوڵەتە”ی تیانییە.
بەشی یەكەم لە دەروازەی یەكەمی بنەما گشتییەكانی دەستووری 2014 دەڵێت، “تونس دەوڵەتێكی ئازاد، سەربەخۆ، خاوەن سەروەرییە، ئیسلام ئاین و عەرەبی زمان و كۆماری سیستمەكەیەتی”.
سادق بلعید ڕێكخەری دەستەی نیشتمانیی ڕاوێژكاریی ئامادەكردنی دەستوور ڕایگەیاند، “80%ی تونسییەكان دژ بە پەرگیڕی و بەكارهێنانی دینن لەپێناو ئامانجی سیاسی. ئێمەش بەدیاریكراوی ئەمە دەكەین و بە سانایی هەمواری داڕشتەی ئێستای بەشی یەكەم دەكەین”.
بلعید (83 ساڵ) كە مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی یاسای دەستورییە و لە 20ی ئایار لەلایەن قەیس سەعید-ی سەرۆكی تونسەوە بۆ سەرپەرشتیكردنی دەستەی ئامادەكاری ڕەشنوسەكە دیاریكراوە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس دەربارەی ئەوەی ئایا دەستووری نوێ ئیسلام وەك سەرچاوەی سەرەكی دانانێت وتی، ناكرێتە مەرجەع و سەرچاوەی سەرەكی.
لە كۆتایی ئەیلولی ڕابردوو سەعید كاركردنی بە بەشێكی گەورەی دەستووری 2014 هەڵپەسارد و مانگی ڕابردوو لیژنەیەكی ڕاسپارد بۆ هەمواركردنی لە پڕۆژەیەكدا و دواتر سەیركردنەوەی.
بلعید دووپاتیشیكردەوە، “ئەگەر هەیە بەشی یەكەم لە داڕشتەی ئێستای بسڕدرێتەوە”، بە وتەی ئەو ئامانج لە باسنەكردنی ئیسلام دژایەتیكردنی پارتە سیاسییەكانی وەك بزوتنەوەی نەهزە-یە كە گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان بوو، بەر لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەلایەن سەعید-ەوە.
لە 24ی تەمموزی ڕابردوو سەرۆكی تونس كۆنتڕۆڵكردنی دەسەڵاتی لە وڵات و هەڵپەساردنی كاری پەرلەمان و دواتر هەڵوەشاندنەوەی ڕاگەیاند، هەروەك دەستپێكێشانەوەی بە سەرۆكی پێشووی حكومەت كرد.
سەعید بڕیاری لەسەر نەخشە ڕێگایەكی سیاسیش دا لەوانەش ئەنجامدانی ڕاپرسیی میللی لە 25ی تەمموزی داهاتوو دەربارەی دەستووری نوێ، تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە كۆتایی ئەمساڵدا.