وتەكانی شاعیرێكی میسڕی لەبارەی ژنە گۆرانیبێژی كۆچكردوو ئوم كەلسووم، كاردانەوەی توندیان بەدوای خۆیاندا هێناوە، نەوەیەكی خوشكی گۆرانیبێژەكە سكاڵای تۆماركردووە و سەندیكای میوزیكژەنان تووڕەیە.
ناسر دوێدار شاعیری میسری كە ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی یەكێتیی نووسەرانی وڵاتەكەیە، لە كۆڕێكی ڕووناكبیریدا لە قاهیرە ڕەخنەی لە ئوم كەلسووم گرتووە و وتوویەتی، “شێوەی شێواوبوو، وەك گورگ و نێچیر مامەڵەی لەگەڵ ڕامیی شاعیردا دەكرد كە تێكستی بۆ گرانییەكانی دەنووسی، ئەو یاریی بە هەستی ڕامی دەكرد لە كاتێكدا ڕامی وەك عاشقێكی پەشێو ڕەفتاری لەگەڵدا دەكرد… ئوم كەلسووم پەیوەندی لەگەڵ 11 پیاودا هەبوو”.
بەپێی میدیای میسڕی، وتەكانی دوێدار، بەشێك لە ئامادەبووانی كۆڕەكەیان تووڕەكردووە و دواتر كاردانەوەی فراوانتریان بەدوای خۆیاندا هێناوە. جیهان دەسووقی نەوەی خوشكێكی ئوم كەلسووم سكاڵای یاسایی تۆماركردووە و ڕاوێژكارە یاساییەكەی ڕاسپاردووە ڕێكاری یاسایی بگرێتەبەر.
دوای هەڵكشانی كاردانەوەكان، شاعیرەكە داوای لێبوردنی كرد، بەڵام جیهان دەسووقی مكوڕە لەسەر سكاڵاكەی و دەڵێت، “ناسر دوێدار تەنها سووكایەتی بە ئوم كەلسووم نەكردووە، بەڵكو سووكایەتی و بێڕێزیی بەرامبەر بە مێژووی مەزنی ناوبراو كردووە”.
لە درێژەی كاردانەوەكاندا، سەندیكای پیشە مۆسیقییەكانی میسر ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و سەرباری نیشاندانی ناڕەزایی بەرامبەر بەو قسانەی دژی ئوم كەلسووم كراون، تووڕەیە لە باسكردنی ڕامیی شاعیر.