فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی ھەرێم ڕەتیدەكاتەوە جیاوازی لەنێوان نرخی تابلۆ هەبێت لەنێوان هەرێم و بەغداد و ئەودەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بڵاو دەکرێنەوە ڕەتدەكاتەوە.
فەرمانگەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەپێی ڕێنماییەکان، “نرخی جووتێک تابلۆ بۆ ئۆتۆمبێل تەنها (60 هەزار دینارە) و لە پاڵیدا ڕسوماتی دیکەی وەکو (5 هەزار دینار بۆ لێدانی برغو و سیکیوریتی تابلۆکان ) و ( 10 هەزار دیناریش ڕسوماتی پرۆسەکەیە) وەردەگیرێت، واتا کۆی گشتی کڕین و لێدانی دوو تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل (تەنیا 75 حەفتا و پێنج هەزار دینارە).”
جەختیشی كردووەتەوە، لە ئێستادا پرۆسەکە تەنیا لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و دیار نیە بەغداد پێویستی بە چەند کاتی دیکە هەیە بۆ ئەوەی ئامادەکارییەکانی جێبەجێکردنی ئەو سیستمە تەواو بکات، واتا پێویستە هاوڵاتییان بزانن کە لە بنەڕەتدا لە بەغداد جارێ ئەو تابلۆیە و ئەو سیستمە نەخراوەتە کار تا بەراوردی نرخ بکرێت.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، ” ئەو کەسانەی پەلەیانە تابلۆی نوێ وەربگرن و نایانەوێت چاوەڕێ بکەن تا ساڵیانەی ئۆتۆمبێلیان بەسەر دەچێت، دەبێت دوو بەرامبەر کە دەکاتە (120 ھەزار دینار) بۆ جووتێک تابلۆ بدەن و ڕسوماتی دیکەی بورغو و پێشکەشکردنی پرۆسەکە کە (15 ھەزار دینارە) بدەن.
ڕوونیشیكردووەتەوە، “بۆیە لە ڕاستیدا بۆ ئەوانەی بە نۆرەی خۆیان تابلۆ وەردەگرن نرخی کۆی پرۆسەکە (75 ھەزار دینارە).”