ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ خۆراك و كشتوكاڵ هۆشداریدەدات لە برسێتیی جیهانی بەهۆی قەیرانی ئۆكرانیاوە.
ئۆلیگ كۆبیاكۆڤ بەڕێوەبەری نوسینگەی ڕێكخراوەكە بۆ كاروباری پەیوەندییەكان لەگەڵ ڕوسیا ڕایگەیاند، ئەگەر سەیری ئامارەكانی برسێتی و گۆڕانكارییەكانی بكەین دەبینین لە ساڵی 2019دا واتە ساڵێك بەرلە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا 690 ملیۆن كەس بەدەست برسێتییەوە دەیانناڵاند. ساڵی دواتر ژمارەكە بۆ 811 ملیۆن بەرزبووەوە.
وتیشی، “بەوجۆرە هێڵی سووری تێپەڕاندووە لە دۆخی ئاسایشی خۆراكە بۆ دۆخی برسێتی (بەكۆمەڵ)، ئەمساڵیش، بەپێی پێشبینییەكانمان بارودۆخی ئۆكرانیا 13-15 ملیۆن كەسی دیكە زیاددەكات”.
بەوتەی ئەو بەرپرسەی فاو قەیرانی ئۆكرانیا هۆكاری برسێتی نییە لەسەر هەسارەكە، بەڵام قەیرانەكە بووەتەهۆی زیادبوونی برسێتی.
لە 24ی شوباتی ڕابردووەوە شەڕی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا دەستیپێكردووە، شەڕەكە بووەتەهۆی گرانبوونی سوتەمەنی، خۆراك و شمەك بەنزیكەیی لەسەر ئاستی جیهان، دوای ئەوەی ئەمریكا و ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپا سزای ئابوری و داراییان بەسەر ڕوسیادا سەپاند.