وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان بڕیاری سنووردارکردنی ڕووماڵی میدیایی تاوانەکانی کوشتنی ژنان و ئەو پرسانەی کاریگەریی نەرێنیان لەسەر ژنان هەیە دا، بەپێی بڕیارەکە نابێت چاوپێکەوتن لەگەڵ بکوژەکانیشدا بکرێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کە ژمارەیەک لە ئەندامەکانی ناو گروپی کاری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆریی کۆمەڵایەتیی شاری سلێمانی سەردانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانیان کرد.
نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان ژمارەیەک داواکارییان لە یاداشتێکدا ئاراستەی وەزارەتی ڕۆشنبیری کرد، داواکاریی ڕێکخراوەکان پەیوەستبوو بە پرسی ڕووماڵی میدیاکان و چۆنیەتیی ڕووماڵ لەسەر پرسی ژنان و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان کرد لەلایەن وەزارەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری بڕیاردراوە، سنوور دابنرێت بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانەی کاریگەریی نەرێنییان لەسەر کۆمەڵگا و پرسەکانی ژنان هەیە.
هەروەها بڕیاردراوە بە قەدەغەکردنی چاوپێکەوتنی میدیایی لەگەڵ تۆمەتبارانی دۆسیەکانی کوشتنی ژنان کە هاندان و کار ئاسانی دەکات بۆ توندوتیژی.