وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێم سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخانی كرد و بەڵێنی بە نوێنەری بازرگاناندا كار ئاسانی زیاتربكرێت لەپێناو زیاتركردنی داهات و سوود گەیاندن بە هاوڵاتییان بە گشتی و بازاڕ و بازرگانان بە تایبەتی.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم تێیدا هاتووە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم، بە ئامانجی لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم جووڵەی بازرگانی، بەشێوەیەكی مەیدانیی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخانی بەسەركردەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، سەرپەرشتیاری دەروازەكە و ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە داوایانكرد بە ئامانجی زیاتركردنی داهات و زیاتركردنی جووڵەی بازرگانیی كارئاسانی بۆ ھاوردەكردن و ھەناردەكردنی كاڵاكان و شێواز و نرخی گواستنەوە و ڕسوماتەكانیان بكرێن.
ئاماژە بەوەشكراوە، دواتر وەزیری دارایی لەگەڵ نوێنەری سەرجەم بازرگانانی سنوورەكە كۆبووەوە و بەڵێنیپێدان لەگەڵ سەرجەم ئەو وەزارەتانەی كاری پێكەوەییان هەیە لە دەروازەكان كۆبوونەوەیەكی تایبەت ئەنجامبدەن بە ئامانجی كارئاسانی بۆ زیاتركردنی جووڵەی بازرگانی و زیاتركردنی داهات و سوود گەیاندن بە هاوڵاتییان بە گشتی و بازاڕ و بازرگانان بە تایبەتی.