بەرپرسێكی وەزارەتی كارەبای هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە خواست لەسەر كارەبای نیشتمانی زیادیكردووە و دەڵێت، “لە مانگی ئایاردا بە تێكرا 18 كاتژمێر كارەبا دابینكراوە”.
ماوەی چەند ڕۆژێكە كاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە بەراورد بە چەند ڕۆژی ڕابردوو كەمیكردووە.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە خواست لەسەر كارەبای نیشتمانی زیادیكردووە و ئێستا ئاستی بەرهەمهێنان 3 هەزار و 100 مێگاواتە و پێویستمان بە سەروو 4 هەزار مێگاوات كارەبا هەیە و كاردەكرێت ئاستی بەرهەمهێنان بەرزبكرێتەوە.
ئاشكرایكرد، لە مانگی ئایاردا بەتێكرا 18 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دابینكراوە كە یەك دوو ڕۆژ كارەبا كەمدەبێتەوە پێوەر نییە بۆ كەمبوونەوەی تێكرای كارەبای نیشتمانی لە مانگێكدا.